رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئه‌مریكا سیستمى به‌رگریى ئاسمانیى له‌عێراق چالاك ده‌كات

01/08/2024

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، له‌پێناو پارێزگاریكردن لهبنكه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك، كه‌ له‌تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر جورف سه‌خر له‌بابل، ئه‌مریكا په‌ناده‌باته‌به‌ر هێڵی گه‌رم‌و به‌قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ده‌وروبه‌ری بنكه‌کانی له‌عێراق‌و سیسته‌می بەرگریی ئاسمانیی چالاك ده‌كات.

بۆ به‌رگریكردن له‌بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌عێراق، واشنتۆن په‌ناده‌باته‌به‌ر هێڵی گه‌رم، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكایان بۆ مێدیا عێراقییه‌كانیان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌و ڕایانگه‌یاندووه‌، سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ باڵاكانی ئه‌مریكا هه‌ست به‌نیگه‌رانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ن له‌ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌عێراق له‌تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر جورف سه‌خر، به‌تایبه‌ت بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج‌و هه‌ندێكجار ئامانجه‌كه‌یان به‌ووردی ده‌پێكێت.

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌، له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری ڕابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كی چڕ له‌نێوان سه‌ركرده‌ ئه‌مرییكه‌كان له‌ڕێگه‌ی هێڵێكی گه‌رمه‌وه‌ هه‌بووه له‌باره‌ی مه‌ترسیداری هه‌ر جۆره‌ وه‌ڵامێك‌و ئه‌مریكا ناتوانێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د به‌داخراوی بهێڵێته‌وه‌، له‌كاتێكدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌قۆناغی داهاتوودا هێرشی ڕاسته‌وخۆ بكرێته‌سه‌ر بنكه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، بنكه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌ئاماده‌باشی باڵاو دڵه‌ڕاوكێدان‌و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەکانیان به‌قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ده‌وروبه‌ری بنكه‌كان چالاك كردووه‌و په‌یامی هێوركه‌ره‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی هێڵی گه‌رمه‌وه‌ به‌رده‌وامن، له‌كاتێكدا پێشبینی ناكرێت له‌ چ سات‌و كاتێكدا هێرشده‌كرێته‌سه‌ریان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌حمه‌د یاسری پسپۆڕ له‌بواری سیاسی‌و ئه‌منی ئاشكرایكرد، وه‌ڵامی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ به ئامانجكردنی حه‌شدی شه‌عبی له‌بابل وه‌ڵامێكی كلاسیكی ده‌بێت‌و له‌ڕێگه‌ی درۆنه‌وه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د یانیش ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا ئه‌نجامده‌درێت.

به‌وته‌ی یاسری، هه‌رچه‌ند وه‌ڵامی گرووپه‌كان ته‌نها بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكه‌، چونكه‌ توانا سه‌ربازییه‌كانیان له‌ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكاو ئیسرائیلدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوویدا لێكه‌وته‌كانی مه‌ترسیدار ده‌بن‌و له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكاش بۆ ئه‌وان كوشتنی سه‌ركرده‌ باڵاكانی ئه‌و گرووپانه‌ بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ خراونه‌ته‌ ناو لیستی به‌ئامانجگیراوانی ئه‌مریكا.


#عێراق