وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوانی ئێرانو لایەنگرانی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت.
تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی پێنتاگۆن گواستوویەتییەوە، پێشبینیدەكرێت لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوانی ئێرانو گرووپو لایەنگرەكانی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامبدرێت.
بڵاویشیكردووهتەوە، هێرشەكە هاوشێوەی ئەوەی 13ی نیسانی رابردوو دەبێت كە بەدرۆنو مووشەك ئەنجامدران، بەڵام هێرشی ئەمجارە فراوانترو بەهێزتر دەبن.
باس لهوهشكراوه، لەهێرشەكەی ئەمجارەدا حزبوڵڵای لوبنانیش بەشدار دەبێت كە لەهێرشی ڕابردوودا بەشدارنەبوو.
حهماس هێرشى ئهمجارهى ناوناوه هێرشى تۆڵهكردنهوهى كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكه كه لەتارانی پایتەختی ئێرانو فوئاد شوكر فەرماندەی باڵای سەربازی حزبوڵڵا دەبێت كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران.
رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) دوێنێ چوارشەممە لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە گواستییەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی بەسوپای وڵاتەكەی كردووە هێرشی راستەوخۆ بكەنە سەر ئیسڕائیل لەتۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییەو هێرشەكەی ئەمجارە ڕاستەوخۆ بۆ شارەكانی تەلئەبیبو حەیفا لەناوجەرگەی ئیسڕائیل دەبێتو جەرگبڕو بەهێزیش دەبێت.
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ڕەنگە لەهێرشە چاوەڕوانكراوەكەدا گرووپەكانی سەر بەئێران لەعێراقو سووریاو یەمەنیش بەشداریی بكەن.
ئهمشهویش حزبووڵڵا لهباشوورى لوبنانهوه دهیان مووشهكى ئاراستهى ئیسرائیل كردو چاوهڕواندهكرێت هێرشهكان فراوانتربن.
#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست