رۆژهەڵاتی ناوەراست

له‌سێ میحوه‌ره‌وه‌ شه‌ڕ دژى ئیسرائیل ده‌ستپێده‌كات

01/08/2024

ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ واده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "وه‌ڵامى ئه‌مجاره‌ زۆر به‌هێز ده‌بێت‌و ده‌توانین بڵێین هێرشكردنه‌سه‌ر ئیسرائیل ده‌بێت به‌ده‌ستێكى ئاسنین‌و له‌چه‌ند میحوه‌رێكیشه‌وه‌ شه‌ڕ دژى ئیسرائیل ده‌ستپێده‌كات".

به‌سام خه‌ڵه‌ف ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌لوبنان له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا وتی‌:"هه‌ماهه‌نگی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سێ هێرشی ڕابردووی ئیسرائیل ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام زۆر به‌هێز ده‌بێت”.

وتیشی‌: "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ تیرۆر ببێته‌وه‌و ئه‌م بابه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تیرۆركردنی ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس ده‌بێت ئه‌مجاره‌".

ئه‌وه‌شى وت:"میحوه‌ری موقاوه‌مه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بڕیاریدا په‌نا بباته‌به‌ر هه‌نگاوی جێگره‌وه‌، واته‌ هێرشكردنه‌سه‌ر ئیسرائیل به‌ده‌ستێكی‌ ئاسنین، بۆیه‌ ده‌توانرێت بڵێین شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد".

سه‌باره‌ت به‌قسه‌كانی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌رباره‌ی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان، خه‌ڵه‌ف جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌كه‌ ڕوونه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانوستانه‌كان پێش هه‌فته‌ی داهاتوو، به‌تایبه‌ت كه‌ ناتانیاهۆ نایه‌وێت رێككه‌وتن ئه‌نجامبدات”.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ حه‌ماس راشیگه‌یاند كه‌ "ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی میحوه‌ره‌كه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ په‌لكێش بكاته‌ ناو شه‌ڕێكی فراوانتره‌وه‌".

رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.