ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕایدەگەیهنێت، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بەبۆمبی چێندراو کوژراوە کە دوو مانگ پێش ئێستا بەقاچاخ براوەتە ئەو شوێنەی تاران کە هەنییەی لێ ماوەتەوە.
رۆژنامە ئەمریکیهكه لەڕاپۆرتێکدا لەزاری چەند بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستهوه بڵاویکردەوە، ئەو بۆمبەی کە هەنییەی پێ کوژرا نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لەشوێنی مانەوەی هەنییە شاردراوەتەوە، ئەو شوێنەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە خانوویهك بوو لەباکووری تاران کە تایبەتبوو بەبریندارانی جەنگ.
ئەو بەرپرسانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناویان ئاشکرانەکراوە بەڕۆژنامهكهیان وتووه، "کاتێک کە ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە هەنییە چووەتە نێو ژوورەکەی، بۆمبەکە لەدوورەوە تەقێندراوەتەوە".
دوو بەرپرسی دیکەی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە، کاتێک کە تەقینەوەکە ڕوویداوە، بەشێک لەدەرگاو پەنجەرەکانی خانووەکە شکاونو دیواری دەرەوەی خانووەکە زیانی پێگەیشتووە.
ئەو خانووەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە تیمێکی پزیشکی تێدابووەو دوای ڕووداوەکە چوونەتە ژوورەکەی هەنییە، بەڵام وەک نیویۆرک تایمز باسیدەکات، هەنییە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لە ژوورەکەی تەنیشت ئەو ژوورەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە، ژووری زیاد نەخلە سەرۆکی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی بووە، بەڵام وەکو بەرپرسە ئێرانییەکان باسییان کردووە، ژوورەکەی زیانێکی ئەوتۆی پێنەگەیشتووە.
وەکو بەرپرسە ئێرانییەکان باسییان کردووە، یەکێک لەوکەسانەی کە دەستبەجێ لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووەو ئەویش عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەخەو هەستاندووەو هەواڵەکەی پێداوە.