رۆژهەڵاتی ناوەراست

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: هێرشده‌كه‌ینه‌ سه‌ر ئیسرائیل

01/08/2024

ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵڵای‌ لوبنان ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل هێڵه‌ سووره‌كانی‌ به‌زاندووه‌و ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وان بێت، ده‌شڵێت:"وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان بۆ دوژمن ده‌بێت".

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حزبوڵڵاى لوبنانى لەڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی فوئاد شکور فەرماندەی سەربازیی حزبەکەی کە لەهێرشەکەی بەیروت کوژرا، ڕایگەیاند، وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە، بەڵام بەدوای وەڵامێکی کاریگەردا دەگەڕێن.

نەسروڵا دەشڵێت، "چەند وڵاتێک داوایان لەحزبوڵڵا کرد وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت نەداتەوە، بەڵام وەڵامدەدەینەوەو سبەینێش ئۆپەراسیۆنەکانمان لەناوچەکانی باشووری لوبنان دەستپێدەکەینەوە".

ئه‌وه‌شى وت:"لەڕووداوەکەی مەجدال شەمسدا، ئێمە تۆمەتبارکراین هەرزوو ڕەتمانکردەوە، بەڵام ئەو ئازایەتییەمان هەیە کە ئەگەر بۆردومان کرابایە لەلایەن ئێمەوە دەمانوت ئێمەبووین".

به‌وته‌ى نه‌سروڵڵا، "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا پێی‌ ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.

دیارترین لێدوانه‌كانی نه‌سروڵڵا بریتى بوون له‌:

* چه‌ند وڵاتێك داوایان له‌ حزبوڵا كرد وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی به‌یروت نه‌داته‌وه‌.

 *ئیسرائیل ده‌بێت چاوه‌ڕێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه‌ بێت بۆ هێرشه‌كه‌ی باشووری‌ به‌یروت.

*ئێمه‌ به‌دوای وه‌ڵامێكی راسته‌قینه‌دا ده‌گه‌ڕێین نه‌ك وه‌ڵامێكی رووكه‌ش.

 *دوژمن نازانێت وه‌ڵامی ئێمه‌ له‌ كوێوه‌ دێت، جا له‌ باكووری فه‌له‌ستینه‌وه‌ بێت یان له‌ باشووره‌وه‌، به‌ش به‌ش ده‌بێت یان پێكه‌وه‌.

*ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت چیتر به‌ره‌یه‌كی پشتیوانی نییه‌، به‌ڵكو شه‌ڕێكی كراوه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌ره‌كانی بریتین له‌ غه‌ززه‌، باشووری لوبنان، یه‌مه‌ن، عێراق و ئێران.

 *په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و كاردانه‌وه‌كانی دوژمنه‌وه‌.

*هێڵی حزبوڵا له‌گه‌ڵ هه‌ر تیرۆرێكردنێكدا، به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌چێت.

*دوژمنه‌كانمان بۆ هه‌ر كارێكی شه‌ڕانگێزانه‌ به‌رامبه‌رمان له‌ هه‌ر گۆڕه‌پانێكه‌وه‌ بێت، باجی قورس ده‌ده‌ن.

*توشی‌ شۆك نابین له‌وه‌ی له‌م شه‌ڕه‌دا چ باجێك ده‌ده‌ین.

*هێنده‌ سه‌ركرده‌مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر بۆشاییه‌ك روویدات، پڕی‌ بكه‌ینه‌وه‌.

*ئێران له‌ به‌رامبه‌ر كوژرانی هه‌نیه‌ له‌ تاران بێده‌نگ نابێت.

*تاران كوشتنی هه‌نیه‌ به‌ هێرش بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شكۆ و شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێت.

*ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وێرانت كردووه‌ له‌ناو ببه‌یت و هێڵه‌ سووره‌كان ببه‌زێنیت، هیچ چاره‌سه‌رێك نامێنێ جگه‌ له‌ راگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه‌ .

*به‌دواداچوونه‌كانی حیزب پشتڕاستیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیار نین له‌ هێرشه‌كه‌ی‌ مه‌جده‌ل شه‌مس.