یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە رزگارکردنی سێ کچی کوردی ئێزدییان لەکەمپی هۆڵو سەر سنووری نێوان سووریا-عێراق ڕاگەیاند، کە ساڵی 2014 لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنرابوون.
لەڕاگەیهندراوێکدا یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕایگەیاند، دوو کچی گەنجو منداڵێکیان ڕزگارکردووە کە لە3ی ئابی 2014 لەهێرشی داعش بۆ سەر شنگالو ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە ڕفێنرابوون.
بەگوێرەی ڕاگەیهندراوی یەپەژە، "دوو کچەکە یەکێکیان ناوی عەزیزە خالید عەلییەو تەمەنی 25 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوی تەواف داوود چەتۆیەو تەمەنی 24 ساڵە، هەروەها منداڵەکە ناوی خوناڤەو لەکاتی رفاندنیدا تەمەنی تەنها دوو مانگ بووە".
یەپەژە دەڵێت:"عەزیزە خالید عەلیو خوناڤ لەکەمپی هۆڵ ڕزگارکراون، هەروەها تەواف چەتۆ لەسەر سنووری سووریاو عێراق لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوەو دوای لێپرسینەوە لەگەڵی زانراوە کە کچە کوردێکی ئێزدی خەڵکی گوندی تەلعوزێری سەر بەشنگالەو ویستوویەتی خۆی ڕزگاربکات".
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە باشووری شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانو کەسوکاری چەکدارانی داعش لەو کەمپەدا جێگرکراون.
ڕۆژی 7ی تەمووزی 2024، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەڕاگەیهندراوێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەی دانیشتووانی کەمپی هۆل 41 هەزارو 74 کەس دەبن، لەو ژمارەیە 18 هەزارو 160 کەسیان عێراقی، 16 هەزارو 503 کەسیان خەڵکی سووریان، شەش هەزار 411 کەس دەبێت، خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیکردەسەر ناوچەی شنگالو دەوروبەری، 6417 کوردی ئێزدی ڕفاند کە زۆربەیان ژنو منداڵ بوون، لەو ژمارەیە تائێستا 3570 کوردی ئێزدی ڕزگارکراونو چارەنووسی 2646 کەسیش هێشتا دیارنییە.
#ڕۆژئاوای کوردستان