کوردستان

له‌باره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ به‌غدا چاوه‌ڕوانى هه‌ولێره‌

01/08/2024

بانکی رەشیدی حکومەتی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕێی حکومەتی هەرێم دەکەن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت:"هەرسێ بانکەکەی حکومەتی عێراق داوای ناوی فەرمانبەرانیان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناینێرێت".
 
به‌گوێره‌ى نووسراوێکی بانکی ڕەشیدی حکومەتی عێراق کە 23ی مانگی ڕابردوو ئاڕاستەی نووسینگەی پەرلەمانتار سۆران عومەری کردووە، دەڵێت:"بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان (ته‌وتین) ئێمە بەتەواوەتی ئامادەین، دوای ئەوەی لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمه‌وه‌ زانیاریی پێویستمان پێدەگات بەپشتبەستن بەنووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە 9429ی 7ی نیسانی 2024و هاوپێچەکانی".
 
سۆران عومەر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا كه‌ هاوكات ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی پەرلەمانی عێراقیشە ڕایگه‌یاندووه‌، "بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) داوایان لەحکومەتی هەرێم کردووە لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن بۆ بەجێکردنیان، بەڵام حکومەتی هەرێم ناینێرێت‌و ئامادەش نییە بینێرێت".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی 7ی نیسانی 2024، وەزیری دارایی بەنووسراوێک داوای لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد زانیاریی پێبدرێت بۆ ئەوەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لەیەکێک لەو سێ بانکە دەستپێبکرێت.
 
تایبەت بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سۆران عومەر بەنووسراوی ژمارە (780/د لە 3ى 6ى 2024 داوای لەتەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کرد زانیارییان پێبدرێت لەبارەی ئەوەی چی بۆ بەجێکردنی مووچە کراوە لەبانکەکانی حکومەتی عێراق".
 
وەزیری دارایی عێراق بەنووسراوی ژمارە (5779 لە 23ـی تەممووزی 2024، ئاماژە بەوە دەکات لە 7ی نیسانەوە بەنووسراوی ژمارە 9429 داوای زانیاریی فەرمانبەرانی هەرێمیان کردووە بۆ بەجێکردنی مووچەکانیان لەبانکی رەشیدو ڕافیدەین‌و TBIو چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمن.
 
ڕۆژی 8ى 6ى 2024 وەزارەتی دارایی‌و ئابووریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگه‌ی پرۆژەی هەژماری من، بەپشتبەستن بەڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی‌و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، زانیاریی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بانکەکە ناردووە.


#باشووری کوردستان