رۆژهەڵاتی ناوەراست

دوو تۆمەتباری دزیی سەدە دەستگیرکران کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستان بووە

01/08/2024


دەستەی دەستپاکی عێراق دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری کەیسی "دزیی سەدە"ی ڕاگەیاند کە نزیکەی دوو ترلیۆن دیناریان دزیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕؤژنامەوانیدا لە شاری بەغدا ڕایگەیاند، قاسم محەمەد بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای "حوتل ئەحدەب"یان لە هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکردووە و گەڕاندیانەوە بۆ بەغدا دوای ئەوەی هەڵاتبوو بۆ تورکیا.

ڕوونیشیکردەوە کە محەمەد قاسم لە دۆسیەی دزیی سەدەدا تۆمەتبارە بە دزینی 988 ملیار دینار.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕاشیگەیاند، تۆمەتبارێکی دیکەیان بە ناوی محەمەد فەلاح جەنابی، دەستگیرکرد کە بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای ئەلقانت بووە و ئەویش لە دزینی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار لە ڕێگەی 79 قەواڵەی ساختەوە تێوەگلاوە.

دزیی سەدە بریتییە لە دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی باجی عێراق و تاوانەکەش لە مانگی ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی ساڵی 2022 ئەنجام دراوە.