کوردستان

ڕۆژنامەنووسێك: ئەحمەد نەجمی بەڕێوەبەری کەناڵ هەشت هەڕەشەی دادگایکردنی لێکردم و وتی دوای دادگاش وازت لێناهێنم

01/08/2024

دەنگوباس
محەمەد فاتیح، کە کارمەندی بەشی عەرەبی کەناڵ هەشت بووە، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت "كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی بە شێوەیەكی تەعەسوفی كارمەندانی بەشی عەرەبی دەردەكات".


لەڕاگەیەنراوەکەدا محەمەد فاتیح باسی لەوەکردووە "ژمارەیەك لە دەركراوان لەبەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاویان كردەوە ئەوان شۆك بوون بە دەركردنیان بە شێوەیەكی تەعەسوفی، هەندێكیان گرێبەستیان لەگەڵ كەناڵەكە هەیە و هەندێكی تریان نیانە، بەڵام ئیدارەی كەناڵەكە زیاتر لە جارێك بەڵێنی پێداون و پەیمانیداوە كە مانەوەیان لە كەناڵەكە گەرەنتیە".

دەشڵێت "دەركراوەكان رونیان كردەوە كەناڵ هەشت رێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووسانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دیكە كردووە و ناچاریانیكردوە بەزۆر خێزانەكانیان و پیشەی خێزانەكانیان بگوازنەوە بۆ سلێمانی، هەڕەشەی ئەوەشی لێكردوون ئەگەر نەیانگوازنەوە، شوێنی نیشتەجێبونیان لێ‌ دەسێننەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت "بڕیاری دەركردنیان تەعەسوفی بووە و پێشێلكردنی یاسایە و دوورە لەهەموو بەها رۆژنامەوانیەكان و رەوشت و پیشەیی و بەبیانووی داخستنی بەشی عەرەبی دەركران، كەچی تاكو ئێستاش ژمارەیەك لە كارمەندانی بەشی عەرەبی لە كاركردن لە كەناڵەكە بەردەوامن، سەرەڕای بەڵێنی بەردەوامیان كە بەشی عەرەبی داناخرێت، داخستنەكەش بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە جێبەجێكرا".

هاوکات دەڵێت، سكاڵای یاسای لە دادگاكانی بەغدای پایتەخت لەسەر كەناڵ هەشت تۆماردەكەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی خۆیان.

محەمەد فاتیح کە لەنێو ڕۆژنامەنووسە دورخراوەکاندایە دەڵێت "دوای ئەوەی نامەی بۆ ئەحمەد نەجم، بەڕێوەبەری کەناڵەکە ناردووە ناردووە و ناڕەزایی خۆی لەسەر بڕیارەكە دەربڕیوە، بەڕێوەبەری ئیدارەی كەناڵەكە پەیوەندی پێوەكردووە و هەڕەشەی ئەوەی لێكردووە كە بەهیچ جۆرێك بۆی نیە پێ‌ بخاتە ناو كەناڵەكە و ئەوان رێگای نادەن سەردانی كەناڵەكە بكات، بەهەمان شێوە سوكایەتی پێكردووە و وتوێتی كەناڵەكە هیچ خۆشحاڵ نیە بەكەسێكی وەكو تۆ".

رونیشیكردەوە "ئەحمەد نەجم بەردەوام  لەكۆبونەوەكاندا هەڕەشە لە كارمەندانی كەناڵەكە دەكات و دەڵێت ئەوەی بەخراپە باسی كەناڵ هەشت بكات دادگایی دەكات و لەدوای دادگاییكردنیش وازی لێناهێنێت و هەرگیز لێیان خۆش نابێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەشکردووە "بەڕێوەبەری کەناڵەکە سەری زمان و بنی زمانی هەڕەشەکردنە بە دادگا تەنانەت بەقسەی خۆی لە دوای دادگاییکردنیشت وازت لێناهێنێت ئەگەر بەخراپە لەسەر کەناڵەکە قسە بكەیت، وەک ئەوەی دڵنیابێت گەرەنتی بڕیارەكانی دادگای كردووە".

لەکۆتایشدا دەڵێت "بەگوێرەی ئەو ئاگاداریانەی ئەمجارە بەدەستم گەیشتووە، ئەگەر ئەم ووتارە بڵاوبكەمەوە، رەنگە بڕفێندرێم، یان دەستگیربكرێم، یان دادگایی و زیندانی بكرێم، یان رەنگە لەوە خراپتریشم بەسەربێت".


#باشووری کوردستان