رۆژهەڵاتی ناوەراست

دیارترین سەرکردە باڵاکانی حەماس بناسە

01/08/2024
سەرەوە لە چەپەوە بۆ ڕاست مەروان عیسا، محەممەد زەیف، عەبدوڵڵا بەرغوتی خوارەوە لە چەپەوە بۆ ڕاست یەحیا سەنوەر، ئیسماعیل هەنیە و مەحمود زەهار

ئامادەکردنی: دەنگوباس


1- ئیسماعیل هەنیە، ڕێبەری سیاسی ئەو گرووپە فەلەستینییە کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە ئێران کوژرا، بە نازناوی "ئەبو ئەلعەبد" ناسراوە و لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەرانی فەلەستینی لەدایک بووە. سەرۆکی باڵی سیاسی حەماس بووە و سەرۆکوەزیرانی دەیەمین دەسەڵاتی فەلەستین بووە.

شارەزا بوو لە دروستکردنی تونێل کە ڕێگەی بە حەماس دەدا لە غەززەوە بچێتە ناو ئیسرائیلەوە
2- محەمەد زەیف: ئەو شارەزا بوو لە دروستکردنی تونێل کە ڕێگەی بە حەماس دەدا لە غەززەوە بچێتە ناو ئیسرائیلەوە
ناوی تەواوی محەممەد دیاب ئیبراهیم ئەلمەسری، بە نازناوی "ئەبو خالد" و نازناوی "الزەیف" ناسراوە. لە ساڵی 1965 لە غەززە لە دایکبووە و فەرماندەی لیواکانی عیزەدین قەسامە کە لقی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە.
توندترین هەوڵ بۆ سەر ژیانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢، کاتێک زەیف بە شێوەیەکی موعجیزەیی ڕزگاری بوو بەڵام چاوێکی لەدەستدا. ناوبراو بووەتە ئامانجی چەندین هەوڵی تیرۆرکردن و ئیسرائیل دەڵێت لەم هێرشانەدا قاچ و قۆڵێکی لەدەستداوە و بەزەحمەت توانای قسەکردنی هەیە.
لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ساڵی ٢٠١٤ کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژی خایاند، سوپای ئیسرائیل نەیتوانی محەمەد زەیف بکوژێت، بەڵکو هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی کوشت.
3- مەروان عیسا: ئیسرائیل مەروان عیسا بە پیاوی "کردەوە نەک قسە" دەزانێت و دەڵێت ئەوەندە زیرەکە کە دەتوانێت پلاستیک بکاتە کانزا.
مەروان عیسا، "پیاوی سێبەرەکان" و دەستی ڕاستی محەممەد زەیف، جێگری فەرماندەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەربازی بزووتنەوەی حەماسە.

دامەزرێنەری دەزگای ئەمنیی حەماس
4- یەحیا سەنوەر: لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥، ئەمریکا یەحیا سەنوەری خستە لیستی "تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان".
یەحیا ئیبراهیم سەنوەر سەرۆکی بزووتنەوەکە و بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماسە لە کەرتی غەززە. لە ساڵی 1962 لەدایک بووە، دامەزرێنەری دەزگای ئەمنیی حەماسە بە ناوی "مەجد"، کە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات.
ئەندازیاری دروستکردنی مادەی ژەهراوی و تەقەمەنی

5- عەبدوڵا بەرغوتی: کاری "ئەندازیار" دروستکردنی مادەی ژەهراوی و تەقەمەنی بوو
بەرغوتی لە ساڵی ١٩٧٢ لە کوێت لەدایک بووە و دوای یەکەمین جەنگی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٩٠ چووەتە ئوردن بۆ نیشتەجێبوون. ڕەگەزنامەی ئوردنی بەدەستهێناوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زانکۆیەکی کۆریای باشوور ئەندازیاری ئەلیکترۆنی خوێندووە. بواری خوێندنەکەی یارمەتی دا بۆ پەرەپێدانی پسپۆڕی داهاتووی خۆی کە دروستکردنی بۆمب بوو. خوێندنی تەواو نەکرد، چونکە توانی مۆڵەتی چوونە ناو خاکەکانی فەلەستین بدۆزێتەوە.


ئیسرائیل بە ناچاری دژە-ژەهرەکەی نارد بۆ ڕزگارکردنی

6- خالید مەشعەل : وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس ناودەبرێت و لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم گرووپەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بووە.
خالید مەشعەل کە بە نازناوی "ئەبو الوالید" ناسراوە، لە ساڵی 1956 لە گوندێکی کەناری ڕۆژئاوا لەدایک بووە. لە منداڵیدا خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ کوێت و لەوێ دەچێتە قوتابخانە.
مەشعەل وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس ناودەبرێت و هەر لە دامەزراندنیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەم گرووپە بووە. لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2007 بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بووە، دوای کوشتنی شێخ ئەحمەد یاسین و عەبدولعەزیز ڕەنتسی لە ساڵی 2004، سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماسی گرتە ئەستۆ.
لە ساڵی ١٩٩٧ مۆساد بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تیرۆری کرد. 10 بریکاری مۆساد بە پاسپۆرتی ساختەی کەنەدیەوە چوونە ناو ئوردن بۆ کوشتنی مەشعەل . خالید مەشعەل کە لەو کاتەدا دانیشتووی ئوردن بووە، لە یەکێک لە شەقامەکانی عەممانی پایتەختی ئوردن هێرش کراوەتە سەر و مادەیەکی ژەهراوی لێ دراوە.
دەسەڵاتدارانی ئوردن ئەو هەوڵەیان بۆ سەر گیانی زانی و دوو ئەندامی مۆسادیان لە پەیوەندییەوە دەستگیر کرد. حسێن بن تەلال، پاشای پێشووی ئوردن داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد کە دژە ژەهری ئەو ژەهرە بنێرێت بۆ ئوردن کە بە دەرزی لە مەشعەل دراوە.
ناتانیاهۆ سەرەتا ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە. بەڵام هەوڵی تیرۆرکردنی مێشال ڕەهەندی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا داوای لە ناتانیاهۆ کرد کە دژە ژەهرەکە بۆ ئوردن دابین بکات. دواجار ناتانیاهۆ ملکەچی فشارەکانی کلینتۆن بوو و ڕازی بوو دژە ژەهرەکە بۆ ئوردن ڕەوانە بکات.

ئیسرائیل هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی مەحمود زەهار دەدات

7- مەحمود زەهار لە ساڵی 1988 واتە شەش مانگ بەر لە دامەزراندنی حەماس بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئیسرائیل زیندانی کرا 
مەحمود زەهار لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری غەززە لە دایکبووە. باوکی فەلەستینی و دایکی میسری بووە و ساڵانی سەرەتای منداڵی لە ئیسماعیلی میسر بەسەر بردووە.
لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە غەززە و لەوێ دەچێتە قوتابخانە. دوای ئەوە بڕوانامەی پزیشکی لە زانکۆی عەین الشامس لە قاهیرە لە ساڵی ١٩٧١ بەدەستهێناوە و بە درێژەدان بە خوێندن لە ساڵی ١٩٧٦ بڕوانامەی نەشتەرگەری گشتی وەرگرتووە.
ئیسرائیل کە هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی مەحمود زەهار دەدات، لە ساڵی ٢٠٠٣ هەوڵی تیرۆرکردنی دا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ١٦ی ئیسرائیلی بۆمبێکی نیو تەنی خستە سەر ماڵی زەهار لە گەڕەکی ڕێماڵ لە غەززە. لە هێرشەکەدا برینێکی سوکی بەرکەوتووە، بەڵام کوڕە گەورەکەی و هاوڕێکەی لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
کوڕی دووەمی بە ناوی حسام کە ئەندامی کەتیبەکانی عێزەدین قاسام بوو، لە ڕیزی ئەو ١٨ کەسە بوو کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٨ لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی غەززە کوژران.


#ئیسرائیل
#ئێران