دەنگوباس
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنیت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش زەمینەی گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا لەبارە، هاوکات داوای گۆڕانکارییش دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند، 32 ساڵە دوو حزبی عەلمانی و لەوەش بچووکتر، بەڵکو دوو ماڵ و بنەماڵە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن.
وتیشی: "حەیفە چیتر میللەت چاوەڕی بکات کە بە خێر و بێرییەوە، هی دوو سێ ماڵ بێت و پێویستە بە دەنگ بێین و نابێت چیتر ئەم وڵاتە ئاوا بەڕێوەببرێت".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ڕاشیگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە دۆخێکی نائاساییە و دەبێت بیگۆڕین، بە تایبەتیش کە ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچین و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش زەمینە بۆ گۆڕانکاریی خۆش بووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی باپیر باسی لە ڕووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس کرد و داوای لە ئێران کرد کاردانەوەکەی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ئاستی تاوانەکەدا بێت، چونکە هەنییە میوانی تاران بووە.
#عەلی باپیر