راپۆرت و چاوپێکەوتن

بەهێزترین پیاوی حەماس چۆن کوژرا؟ ئیسرائیل بە بن لادنی غەززە ناوی دەبات

01/08/2024

دەنگوباس
محەمەد زەیف، کە ئیسرائیل پێیدەڵێت "بن لادنی غەززە" و حەماسیش بە بەهێزترین فەرماندەی خۆی ناوی دەبات، لەلایەن ئیسرائیلەوە بە فەرمی کوژرانی ڕاگەیەنرا.


هێزی بەرگریی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، محەمەمەد زەیف، سەرکردەی سەربازیی حەماس "100% لە هێرشەکەی 13ی تەممووزدا کوژراوە،" کوشتنەکەشی کاتێک بووە کە فڕۆکەیەکی ئیسرائیل لە خانیونس فەرماندەی باڵاکەی حەماسی کردوەتە ئامانج و کوشتویەتی.

ئیسرائیل دەڵێت زانیاریی هەواڵگریی زیاتریان پێگەیشتووە کە محەمەد زەیف کوژراوە. یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ستایشی بەئامانجگرتنەکە دەکات و محەممەد زەیف بە "بن لادنی غەززە" ناودەبات.

گاڵانت دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاراستەی لەناوبردنی حەماس وەکو رێکخراوێکی سەربازی و حکومی و هەروەها بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگ."

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، لەوانەیە زۆر لە سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵڵا نەیانزانیبێت زەیف کوژراوە، بەو پێیەی بەشێکی بزووتنەوەکە لە تۆڕە گەورەکە دابڕاوە.

لە 21ی تەممووزی ئەم ساڵ ئیسرائیل رایگەیاند، محەمەد زەیف لەگەڵ رافع سەلامە بووە کاتێک بۆمبێک ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەوانی لە خانیونس کردووەتە ئامانج.

پشتڕاستکردنەوەی کوشتنی محەمەد زەیف تەنیا رۆژێک لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران و کوشتنی فوئاد شوکر، سەرکردەی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت دێت.

ئەو هێرشەی كە سوپای ئیسرائیل كردیە سەر ناوچەی مەواسی لە خان یونس، بووە هۆی كوژران و برینداربوون سەدان هاوڵاتی ئاوارەی ناوچەكانی تری غەززە، كە لە خێوەتگەی كاتیی لەناوچەیە نیشتەجێببوون. 

جیاواز لە جارەكانی پێشوو، سوپای ئیسرائیل ئەمجارە لەكاتی ئەنجامدانی هێرشكەدا، خۆی بەدورگرت لە راگەیاندنی كوژرانی محەمەد زەیف، بەوپێیەی چەند جارێكی تر ئەو سەركردەیەكی لیوای عیزەدین قەسامی كردووەتە ئامانج و هەواڵی مەرگی راگەیاندووە، بەڵام دواتر دەركەتووە كە لەژیاندا ماوە.

محەمەد زەیف، بۆیە نازناوی زەیفی لێنراوە، بەوپێیەی هەمیشە وەك میوان ژیاوەو لەهیچ شوێنێك شەوێك زیاتر نەماوەتەوە، لە ترسی ئاشكرابونی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە، هەروەها بەهۆی زۆری هەوڵدان بۆ کوشتنی و ڕزگاربوونی، نازناوی پیاوە حەوت ڕۆحەکەی لێنراوە.

محەمەد دیاب ئیبراهیم ئەلمیسری، ناسراو بە محەمەد زەیف، لە ساڵی (1965) لە خێزانێکی ئاوارەی فەلەستینی لە دایك بووە.

لە ساڵی (1989)دا لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە دەستگیركراوەو (16) مانگ زیندانی بووە، ئەوەش بە تۆمەتی كاركردن لەگەڵ دەزگای سەربازی حەماس، دواتر لە ساڵی (1993)وە وەك ناوێكی دیار دەركەوتووەو بووە بە فەرماندی كەتیبەكانی قەسام.

زەیف تا ئێستا لە پێنج هەوڵی كوشتن لە ساڵەكانی رزگاریبووە، لە یەكێك لە هەوڵەكانی كوشتنیدا ژن و مندالێكی بەركەوتوون و كوژراون، خۆشی چاوێک و قاچێکی لەدەستداوە.

محەمەد زەیف, فەرماندەی گشتی كەتیبەكانی عزدەینی قەسام، لە رۆژی (7)ی تشرینی یەكەمی ساڵی (2023)، لەڕێی تۆمارێكی دەنگییەوە، دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، كە تائێستا ئەو شەڕە درێژەیی هەیەو بەوهۆیەوە زیاتر لەسەد هەزار هاوڵاتی فەلەستینی كوژران و برینداربوون.
#ئیسرائیل