کوردستان

عه‌تا سه‌راوى ئازاد كرا

01/08/2024

دوای نزیکەی مانگێک لەدەستگیرکردنی له‌لایه‌ن ئاسایشى سلێمانیه‌وه‌، عەتا سەراوی له‌زیندان ئازادکرا.

سێ ڕۆژ پێش ئێستا، كه‌سێكى نزیك له‌بنه‌ماڵه‌كه‌ى عه‌تا سه‌راوى ئاشكرایكرد، "عه‌تا سه‌راوى ئازاد ده‌كرێت‌و ئێمه‌ش وه‌كو بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاره‌كه‌ى هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردوه‌".

ئه‌مڕۆش سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌بنه‌ماڵه‌كه‌ى به‌ده‌نگوباسى وت:"سه‌ربارى ئه‌وه‌ى پێشتر میدیاى یەکێتی باسى له‌وه‌كردبوو، سه‌راوى بەگوێره‌ى مادەی تیرۆر دەستگیرکراوە، ئه‌مڕۆ عه‌تا سه‌راوى ئازادكراوه‌ له‌زیندانى ئاسایش".

ڕۆژى 5ى 7ى 2024، عه‌تا سه‌راوى له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، "دواى ئه‌وه‌ى 16ى حوزه‌یران لەفڕۆکەخانەی سلێمانیه‌وه‌ سەفەری سویدم کرد، دواى گه‌ڕانه‌وه‌م له‌ 5ى 7ى 2024 لەچواریی بەیانی گەیشتمه‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى، ھێزێکی زۆرى سوات ھاتن‌و داوایان لێکردم کە فەرمانیان پێکراوە لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم، من لەکاتێکدا کۆی دەزگا ئەمنییەکان‌و ئاسایش‌و پێشمەرگە بەبراو کوڕی خۆم دەزانم، بەبێ کێشە لەکاتێک دوو سەیارە پێشمەرگەم لەگەڵ بوە، بەڕێزەوه‌ ھاوکاریان بوم‌و پاسه‌وانه‌كانم ئیزنداو خۆم بێئەوەی بزانم بۆ، له‌به‌رچى‌و بەفەرمانی کێ‌و چ سیناریۆو گەمەیەکی قێزەون یان بۆ ئامادەکردوم، لەئاسایشی گشتی ڕاگیرام".

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا سه‌راوى نوسیبوى، "دەمەوێ چاک بزانن، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ھی ئێمەیەو ئەو کۆنە سیخوڕو جاش‌و تابوری پێنجانەی دەیانەوێ لەیەکێتی دەرمان پەڕێنن، زۆر سەھون وەک مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین، بکەری ئەم گەمە سەخیفە دڵنیابن دەیەوێ لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنە بەخەڵک بڵێ ئەوە وەفای یه‌كێتیه‌ بۆ کەس‌و بنەماڵەو عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە، ئیتر خەڵک چاوەڕوانی چی لەمانە بکات؟! بۆیە بەم ڕونکردنەوەیەم داوا لەبەڕێزان کاک بافڵ تاڵەبانی‌و کاک قوباد دەکەم
تکایە من ئامادەیی ڕوبەڕوبونەوەى ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازرکراوەو بۆم دادەتاشن".


#باشووری کوردستان