کوردستان

یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌ گه‌وره‌كانى "دزیى سه‌ده‌" له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌ستگیركرا

31/07/2024

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌سته‌ی دەستپاکی فیدراڵی ئاشكرایكردووه‌، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەهاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هەرێم، یەکێک لەتۆمەتباره‌ گه‌وره‌كانى "دزی سەدە"یان له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌ستگیركردووه‌.

دادوەر حەیدەر حەنوون سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، "ئه‌وكه‌سه‌ى ده‌ستگیركراوه‌ (نوور زوهێر)ه‌ کە تۆمەتباری سەرەکییە لەدۆسیەی دزیی سەدەو دۆسیەكه‌شى لەقۆناغی ‌کۆتایی دادگه‌دایەو 30 تۆمەتباری دیکەش لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەکرێت کە ڕۆڵیان لەو گەندەڵییە هەبووە".

به‌وته‌ى حەنوون، "بەشێک لەتۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراقیش لەخۆدەگرێت‌و بەشێک لەتۆمەتبارەکان دەستگیرکراون‌و هەندێکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات".

هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق وتیشى:"لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەمولایەنەکانی پەیوەندیدار بەو گەندەڵییە".

بەوتەی بەرپرسانی عێراق، تۆمەتبارکردنی ئەو بەرپرسانە دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشییان لەدەرهێنانی پارە بەشێوەیەکی نەختینەیی لەدەستەی گشتی باج لەساڵانی 2021و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەبڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لەوڵاتێکدا کە به‌رده‌وام لەڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.

لەئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی ڕافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن‌و 700 ملیار دیناری له‌هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج سەلماند، دادگای کەرخ لەبەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.

ڕۆژی 1ی شوباتی 2023، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لەدۆسیەی دزیی سەدە لەهه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج دزرا بوو ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.


#باشووری کوردستان