رۆژهەڵاتی ناوەراست

له‌عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى قورس له‌ئه‌مریكا ده‌كرێت

31/07/2024

سه‌رباریى داواكاریى بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ تایبه‌ت به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مریكا، نوجه‌با هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"هیچ ئاگربه‌ستێك له‌نێوان هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى‌و ئه‌مریكادا نییه‌"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئاماده‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا".

به‌گوێره‌ى په‌یامێكى مەهدی کەعبی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سەرکردە دیارو كاریگه‌ره‌كانى ناو حه‌شدى شه‌عبى‌و بزووتنەوەی نوجەبا، “بەئامانجکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستدرێژییە بۆ سەر دەوڵەت‌و حکومەتی عێراق، ئەرکی حکومەتی عێراقیشە بەرگریی لەوڵات بکات‌و ڕێگریی لەشەڕانگێزیی ئەمریکا بكات".

ئه‌و سه‌ركرده‌ دیاره‌ى بزوتنه‌وه‌ى نوجه‌باى سه‌ر به‌حه‌شدى شه‌عبى وتووشیه‌تى:"ئاگربەست لەنێوان گروپە چەکدارەکانی عێراق‌و ئەمریکادا نییە، بەڵکو ئاگربەستێک لەنێوان موقاوەمەی ئیسلامی عێراق‌و حکومەتی عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی دەرفەتی پێبدات بۆ دانوستانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکاو فشاربخاتەسەری بۆ ئەوەی لەعێراق بکشێتەوە، ئێستاش گروپە عێراقیەکان ئامادەیی تەواویان هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌مریكا".

به‌ر له‌په‌یامه‌كه‌ى مه‌هدى كه‌عبى، عەلی فەتلاوی سەرۆکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای دڵسۆز ڕایگەیاندبوو، “دەستەی هەماهەنگی موقاوەمە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووه‌ بەمەبەستی تاووتوێکردنی بۆردومانەکەی ئەمریکا لەجورف سەخەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە".


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست