رۆژهەڵاتی ناوەراست

سبه‌ینێ حزبوڵڵا په‌یامێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

31/07/2024

حزبوڵڵاى لوبنان به‌فه‌رمى كوژرانى سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى سه‌ربازیى ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سبه‌ینێ مه‌راسیمێكى جه‌ماوه‌ریى فراوان بۆ به‌خاكسپاردنى ته‌رمه‌كه‌ى به‌ئاماده‌بوونى حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا به‌ڕێوه‌ده‌چێت"، سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵیش ده‌ڵێن، "له‌گه‌ڵ كوژرانى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌، ڕاوێژكارێكى باڵاى سه‌ربازیى ئێرانیش كراوه‌ته‌ ئامانج".

له‌هه‌واڵێكى میدیای لوبناندا هاتووه‌، تەرمی فوئاد شوکر سەرکردە لەحزبوڵڵای لوبنان لەباشووری بەیروت دۆزراوەتەوە کە لەهێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل کوژراوەو له‌گه‌ڵیدا، ڕاوێژکارێکی باڵاى سه‌ربازیى ئێرانیش بەناوی (عەباس کەریمی) کوژراوە.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكرابووه‌، “ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لوبنانی لەهێرشەکەدا بۆ پێنج کەس بەرزبووەتەوە کە دوو منداڵ‌و سێ ژنن”.

لاى خۆیشیه‌وه‌ حزبوڵڵاى لوبنان به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، سه‌ربارى پشتڕاستكردنه‌وه‌ى كوژرانى فوئاد شوکر ناسراو (سەید موحسن) کەسی دووەمی باڵی سەربازیی، ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه‌، سبه‌ینێ مه‌راسیمێكى فراوانى جه‌ماوه‌رى بۆ به‌خاكسپاردنى ته‌رمه‌كه‌ى به‌به‌شداریى حەسەن نەسروڵڵا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و له‌و مه‌راسیمه‌ جه‌ماوه‌ریه‌دا په‌یامێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ى نه‌یارانى حزبوڵڵا ده‌كرێت.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست