رۆژهەڵاتی ناوەراست

گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و هۆشداریى به‌پارتى‌و یه‌كێتى ده‌درێت

31/07/2024

ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ڕێگه‌ى بانگه‌وازێكه‌وه‌ خه‌ڵكى كه‌ركوك له‌گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌ بۆ فشارخستنه‌سه‌ر پارتى‌و یه‌كێتى، ڕاشیده‌گه‌یه‌نن، "لە2003وه‌ تائێستا ئێمەی هاوڵاتیانی کورد لەکەرکوک‌و ناوچە دابڕێندراوەکان باجی هەڵەی سیاسی‌و نەگونجان‌و پێکەوە کارنەکردنی پارتى‌و یه‌كێتى ده‌ده‌ین".

هه‌ریه‌ك له‌(گروپی خاک، کەرکوک بۆ هەموان‌و ئەنجومەنی کوردی کەرکوک) له‌ژێر ناوى (بانگەوازی هاواری یەکبوون‌و پێکەوەیی) ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، "لە2003وه‌ تائێستا ئێمەی هاوڵاتیانی کورد لەکەرکوک‌و ناوچە دابڕێندراوەکان باجی هەڵەی سیاسی‌و نەگونجان‌و پێکەوە کارنەکردنی حزبە کوردستانیەکان دەدەین، بەتایبەتی نا تەبایی‌و ململانێی پارتى‌و یه‌كێتى".

ده‌شڵێن:"دواتریش له‌ساڵى 2017 باجە گەورەکەمانداو تا ئەمڕۆش تاڵاوەکەی بەبەردەوامی دەچێژین، ئێستاش ئەم دوو لایەنەی براوەی هەڵبژاردن پێکەوە ناگونجێن، چاوەڕواندەکرێت کورد لەکەرکوک باجێکی گەورەتر بدات، بەداخەوە پێدەچێت دەسەڵات لەهەولێرو سلێمانى، هەست بەئازارەکانی ئێمەی کەرکوکی نەکەن".

له‌بانگه‌وازه‌كه‌یاندا باسیان له‌وه‌شكردووه‌، "بۆ فشارخستنەسەر بڕیاربەدەستانی ئەو دوو حزبە، ئێمە چەند ڕێکخراوێک بڕیارماندا گردبوونەوەیەکی جەماوەری ڕێکبخەین‌و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داواى دروستکردنی یەک فراکسیۆن بکەین لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی‌و کریستیان) کە ژماره‌كه‌یان دەکاتە هه‌شت کورسی، تا بەیەک گوتارو یەک بەرنامە لەگەڵ پێکهاتەکانی تر قسە بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک".

سه‌باره‌ت به‌كات‌و شوێنى گردبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌شیان، ئه‌و سێ ڕێكخراوه‌ ده‌ڵێن، "سبه‌ینێ 1ى 8ى 2024 كاتژمێر 5ى ئێواره‌ له‌سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک له‌گەڕەکی ئیسکانى شارى کەرکوک گردبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین".

دوای تێپەڕبونی حه‌وت مانگ‌و 10 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بڕیاربو ڕۆژى 11ى ئه‌م مانگه‌ كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام تائێستا كۆبونەوەكە نەكراوەو حكومه‌تى خۆجێى شاره‌كه‌ش پێكنه‌هێندراوه‌.