کوردستان

قوباد تاڵەبانی: له‌باره‌ی مووچه‌وه‌ هەماهەنگی زیاتر له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین

31/07/2024

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی موچە. 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی ئه‌مڕۆ  سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبونی وەزیری دارایی و ئابوریی و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، لە چوارچێوەی بەرەوپێشچونەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە ژمێریاریی و داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و وردبینی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم و بەهەند وەرگرتنی تێبینی و راسپاردەکانیان سەبارەت بە میلاک و لیستی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم پشتبەست بە تۆماری بایۆمەتری بەڕێوەچوو، بە ئاراستەی لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، پاش گفتۆگۆکردن لەسەر دواهەنگاوەکان و کارکردن و خستنەڕوی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، کۆبونەوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی مووچە. 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "حکومەتی هەرێم شەفافانە لیستی مووچەی سەرجەم موچەخۆرانی لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکانی بایۆمەتری هەمو مانگێک لەگەڵ تەرازوی پێداچونەوەی داهات وخەرجییەکان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵیی کردوە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەش مانگانە تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و گرنگە ڕێگە نەدرێت هیچ بەربەستێکی تەکنیکی ڕێگر بێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لیژنەی باڵا هەموو وەزارەت و دامەزراوە و دەستە و فەرمانگەکان و یەکە ژمێریارییەکانی راسپارد کە؛ هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئامادەکردنی لیستی مووچە خێراتر و بێ کەم وکوڕی بێت".


#قوباد تاڵەبانی