کوردستان

قائیمقامی سلێمانی: ماسته‌رپلانی گه‌شتیاری بۆ شوێنه‌ سوتاوه‌كه‌ی گۆیژه‌ ئاماده‌كراوه‌

31/07/2024

دەنگوباس
ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی ئەو ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌كردنی ئه‌و به‌شه‌ی چیای گۆیژه‌ ده‌كه‌ن به‌  شوێنێکی نیشته‌جێبون کە سووتا و رایگه‌یاند، ئه‌و شوێنه‌ ناكرێت به‌ شوێنی نیشته‌جێبون به‌ڵكو ماسته‌رپلانی گه‌شتیاری بۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك گیروگرفت هه‌یه‌ له‌نێوان دامه‌زراوه‌كاندا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی موڵكه‌یه‌تی شاخی گۆیژه‌ و شاره‌وانی به‌موڵكی خۆی ده‌زانێت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان و ژینگه‌ش به‌ موڵی خۆی ده‌زانێت.

ئاوات محه‌مه‌د ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكدا ڕایگەیاند، "روبه‌رێكی فراوانی چیاكه‌ سوتاوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دارو دره‌خت سوتاون، له‌ئێستادا لیژنه‌یه‌ك به‌دواداچون ده‌كات و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

وتیشی "له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان قسه‌یان كردوه‌ و كه‌ كاری سه‌وزكردنی چیاكه‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتبو، ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بۆ هاوكاریكردنیان و ده‌ستیان به‌ ئاودانی ئه‌و دره‌خت و نه‌مامانه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ ئاگره‌كه‌دا سوتاون، هیوادارن بتوانن به‌شێكیان له‌ وشكبون رزگاربكه‌ن".

بەوتەی ئاوات محەمەد، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی ماسته‌رپلانێكی ئاماده‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ بكرێته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری و ئه‌و بابه‌تانه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ رێكبكه‌ون و ئه‌و ماسته‌ر پلانه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ بابه‌تی نیشته‌جێبون دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌".


#سلێمانی