کوردستان

بەغدا وردبینی لیستی مووچەی تەواوکرد و لەسبەینێوە پارە دەنێرێت

31/07/2024

دەنگوباس

سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، وردبینییان بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ئەنجامداوە و پرۆسەکە کۆتاییهاتووە.

بەگوێرەی میدیای یەکێتی، لە سبەینێوە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەکەناڵی عێراقییەی راگەیاندووە، "دیوانی چاودێریی دارایی ئەو ئەرکەی پێیسپێردرابوو بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەئەنجامی گەیاندووە".

وتیشی، "راپۆرتێکی تایبەتیان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە".

راشیگەیاند، "دیوانی چاودێریی دارایی تەواوی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندووە کە لەبەردەمیدا بوون، لە وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاش وردبینیکردنیان بەشێوەی تاک تاک".

سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "وردبینییان بۆ داتای داهات و خەرجییەکان کردووە، دوای بەردەستخستنی داتاکان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ئەنجامەکانیش ئاگادارکردووەتەوە،  وردبینیییەکە ئامانج لێی راستکردنەوەیە".

ئەوەشی ئاشکراکرد، "هەندێک زانیاریی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ورد نەگەیشتووەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت".


#مووچە