دەنگوباس
بەرپرسێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هەماهەنگی رایگەیاند، بە لایەنە سوننەکان گوتراوە، یەک کاندید بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان پێشکەش بکەن، یان پۆستەکە لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلا دەکرێتەوە، بۆیە دەبێت پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەى.
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هەماهەنگی شیعەکان کۆبوونەوە و یەکێک لە پرسەکان کە تاوتوێ کراوە، پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بووە. ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە دەست لەو پرسە وەرنەدەن و پرسەکە بدەنە دەست لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاکردنەوەى".
ئەحمەد عیساوى وتیشی، "بۆچوونى روونى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ سوننەکان ئەوە بووە کە دەبێت یەک کاندید پێشکەش بکرێت، ئەگەرنا پرسەکە بە دەنگدان لەنێوان دوو کاندید یەکلا دەکەنەوە".
ناکۆکى سەرەکى لەسەر ئەو پۆستە لە نێوان هاوپەیمانیى تەقەدووم و لایەنە سوننەکانى دیکەیە، بەرپرسەکەى رەوتى حیکمە دەڵێت: "کاتێکى دیاریکراو نییە بۆ یەکلاکردنەوەى، بەڵام کاتی کراوەشیان لەبەردەمدا نییە".
#عێراق