لەم گەرمای هاوینەدا سەدان ماڵ لە هەولێر بێ ئاون. ئەو ماڵانەی بێ ئاون، دەکەونە کۆتایی گەڕەکی 5 حەسارۆک و نزیکە 300 ماڵێک دەبن، دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن ئاوی ئیفرازیان لێ گیراوەتەوە و ئاوی بیرەکەشیان کەمیکردووە و توانای دابینکردنی ئاوی بۆ هەموو ماڵەکان نییە.
عەنیفە مستەفا، دانیشتووی گەڕەکەکە وتی "هەر کە هاوین دێت، کێشەی کەمئاوی لێرە دەستپێدەکات، نازانین چی بکەین".
ژنێکی دیکەش بەناوی زوڵفا عومەر بە میدیاکانی وتووە "دەڕۆینە ماڵی خزمان جل و شت دەشۆین، یان دەبێت ئاو بکڕین، یان چاوەڕێی دەزگای خێرخوازی بکەین".
بەشێک لە ماڵەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و لە ماڵی خزمەکانیان ئاوی خواردنەوە بە جلیکان بۆ خۆیان دەهێنن، بەشێکیش چاویان لە دەستی دەزگا خێرخوازییەکانە تاوەکو تەنکیەک ئاویان پێبدەن.
#باشووری کوردستان