دەنگوباس
کاردانەوەکان بۆ کوژرانی گەنجێکی سلێمانی لەلایەن کارمەندێکی هێزی کۆماندۆوە، ناڕەزایەتی گەورەی لەنێو خەڵکی شاری سلێمانی دروستکردووە و بووەتە مانشێتی ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ناوچەکەش.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕووداوی کوشتنی کاسبکارێکی سلێمانی لەلایەن کارمەندێکی هێزی کۆماندۆ کردووە باسی لەوەکردووە، نیگەرانی و توڕەیی جەماوەریی لە پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەندامێكی هێزە ئەمنیەكان (كۆماندۆ)ی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانم رۆژی شەممەی رابردوو، گەنجێكی كاسبكاری بە ناوی ئاری چایچی لە گەڕەكی راپەرین کوشت.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت "بەوتەی شایەتحاڵەكان زۆر دڵڕەقانە تاوانەكەی ئەنجامداوەو راستەوخۆ گولـلەكانی ناوە بەسەری قوربانیەكەوە، هەر بۆیە ئەم رووداوە توڕەییەكەی گواستوەتەوە بۆ دۆخی سیاسی و هێزە سیاسیەكان یەكتری پێ تۆمەتبار دەكەن، لەهەوڵێكدا كە پێدەچێت بەشێك بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان، کە کەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی.
وەك شەرقولئەوسەت دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی کە ئامۆزای بافڵ تاڵەبانیە، هێرشی توندی كردە سەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئۆباڵی توندوتیژییەی ئەمنیەكانی پارێزگای سلێمانی خستە ئەستۆی ناوبراو.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی تۆمەتەكانی لاهور شێخ جەنگی نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسێكی ئەو حزبە بە رۆژنامەكەی رایگەیاندووە: یەكێتی وەڵامی ئەو تۆمەتە پوچانە ناداتەوە كە پاڵنەری هەڵبژاردنی لەپشتە و لەلایەن كەسێكەوە كە دەركراوە لە حزبەكە، وەك ئاماژەیەك بۆ چوونە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی بەر لە سێ ساڵ پێش ئێستا.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەوە چەندینجارە لەنێوان کارمەندانی هێزەکانی کۆماندۆ و هاووڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی دیکەش شەڕ و پێکدادان ببێت.
سەرەتای ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە ڕۆژی 27-2 لە بازگەی كارێز - كفری ژمارەیەك چەكداری كۆماندۆ لەگەڵ كارمەندانی ئاسایشی بازگەكە بوو بە دەمەقاڵەیان و ماوەی نزیكەی 20 خولەك شەڕ دروست بوو.
بە پێی زانیارییەکان، چەکدارەکانی كۆماندۆ، بە پێچەوانەی ئاڕاستە رۆیشتن و بازگەكەیان بڕیوە، كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەش ڕێگریان لێكردوون، لەبەرامبەردا چەکدارەکانی کۆماندۆ پەلاماری كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەیانداوە و لێیان داون و چەند خولەکێکیش شەڕ ڕوویداوە.
هەفتەی ڕابردوو ئەفسەرێکی هێزی کۆماندۆی یەکێتی لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی تەقەی کرد و بە هۆیەوە منداڵێك کوژرا.
دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و تا ئێستاش چارەنووسی دۆسیەکە یەکلانەکراوەتەوە.
#سلێمانی