عەرزی عەزەڵات لەپای چی؟ کەلتووری کەڵەهەرز و باڵفشکردن بەسەر بژاردەی کاسپ و کرێکار و پینەچی و چایچیدا بۆ؟
ناکرێ مەرگی وەها ویژدان و وەجاخی وێنەیەکی جوانی کۆمەڵایەتی، وێنەیەکی رەنج و راسانی چینێکی کۆمەڵایەتی بەو ئاسانییە بەسەرماندا تێپەڕێت..
لە دوێنێوە، هەرکە چایەک دەخۆمەوە، دەمودەست، دایکێکی جەرگسوتاو، وەجاخێکی وێران، ویژدانێکی لەتوپەت، لە دەرونمدا دەمدەکێشێ.
چۆن دەبێت، رووداوێکی وا، وەک وێنەی هەر کارەساتێکی تر، تێپەڕێ؟ باوەڕتان بێت، دەبوو وەک دەستگێڕە تونسییەکە، تەقینی کانیاوێکی بەهارانە بەهۆشی میللەتدا فوارەی ببەستایە.
ئەی چارەنوسی چایچییەکە، چیمان پێدەڵێ؟
کاتێک کۆمەڵ، گەواهی گیانلەدەستدانی گەنجێکی کاسپە. کاتێک هەر بۆ پۆز و پیشەی هەزاربارەی هێزێکی ئەمنی ئادەمیزادێک، ئینسانێکی ئەم شارە، لە جەرگەی جەنجاڵی بازاڕدا و بە پێشچاوی هاوڕێ و هاووڵاتییانەوە، هەروا بۆ خۆشی فیشەکێک دەنرێ بە تەوقی سەرییەوە. ئیتر هەقوایە پڕ چەپۆکی هەموو مێژوو، قوڕی قەدەرێکی خەست، خەستتر و دیژتر لە دنیابینی ئەم دەسەڵاتە بکرێت بە سەری باندسالارەکانی ئێرەدا.
کوا ئیرادە؟ کوا هەڵوێستی مەدەنی و مەددی مرۆڤایەتی. کوا رایەڵەی راسانێک کە تەنها و تەنها ئامادەیە بۆ مووچەی خۆی بێتە سەرشەقام؟ کوا ئەو هەموو چالاک و چەلەنگانەی چۆپی هەڵپەڕکێی خاسکردنی مووچەکەیان نەدەدایە دەست باوکیشیان؟
ئەی لەپای لۆژیکێکی جەنجەویدیانەی وەها چی دەڵێن.
ئەم غەفڵەت و غەوارەییە لەهەمبەر هەڵوێست و هێزی هەژاریدا بۆ؟
مانگی (6)ی 2020 لە شاری مینیاپۆلسی ئەمەریکا، چوار پۆلیس پیاوێکی رەشپێستی تەمەن 46 ساڵ بە ناوی جۆرج فلۆید بە تۆمەتی ساختەکاری دەوەستێنن. پیاوە رەشپێستەکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی بووە و پۆلیس دەیهێنێتە خوارەوە.
دواتر یەکێک لە پۆلیسەکان پیاوە رەشپێستەکە دەخاتە سەر زەوی و قاچێکی دەخاتە سەر ملی، هەرچەند پیاوە رەشپێستەکە دەڵێت ناتوانم هەناسەبدەم، پۆلیسەکە وازی لێناهێنێت، تاوەکو دەبوورێتەوە و دواتریش لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و رێگری لە توندوتیژییەکان، حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا پێنج هەزار پاسەوانی نیشتمانی لە 15 ویلایەت بڵاوکردەوە. خۆپیشاندانەکان ئەمەریکای تێپەڕاند، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپای گرتەوە. ئێرانیش کردیە بابەتێکی سیاسی و هاتنە سەرجادە.
تەماشا!
عەقڵی عەرزی عەزەڵات، ناتوانێ نیازێکی مرۆڤانە بنوێنێ. با کابرای رەشپێست ساختەچیش بێ، بەڵام کەی رەوایە رۆحی دەربێنێ؟ لێرە لۆژیکی مرۆڤبوون مانایەکی نییە. مەسەلەن لەچەمچەماڵ گەنجێک سارد کرایەوە، کەچی عالەم نوسیبووی مادام مولحید بووە دەسیان خۆش!
دەمەوێ بڵێم!
هەرکاتێک خەباتی خۆپیشاندان تەنها لە وەجاخی رۆشنی مووچەوە خۆی دییەوە، ئەوا بزانن نەفیری چ نەریتێکی ئایدیۆلۆژی فوی کردووە بە کەڕەنای کەلتوورەکەدا، بۆیە چارەسەرییەکانیشی چارەسەری پاراستۆڵین.
بۆیە کاتێک میللەت هۆشیارە، کە لە تولی تەئریخیدا خاوەنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی بێ؟
ئێمە یان یادەوەرییەکی مەدەنییانە لە مێژووماندا نییە، یاخود گەر هەیە ئەی بۆچی بۆ بابەتی ئەو ئینسانە ئازا و ئازیزەی خەڵکی ئەم شارە بابەتێکی بوێرانە و بەزمێکی مەدەنییانە نەبینرا.
ئەم کوڕە نە رەشپێست بوو، نەیش ساختەچی، نە لە کیشوەرێکی ترەوە هاتبوو. ئەم کوڕە کوردێکی کاسپ بوو. کەسێک بوو لەم چلەی هاوینەدا لەپاڵ پشکۆ داگیرساوەکانی بن قۆرییەکەیدا قەدەری هەژاری و هەتوانی هیواکانی دایک و بابی دەگەشاندەوە.
بابەتەکە روونە..
راسانی مەدەنییانە، هەڵوێست و نواندنی چالاکییەک لە هەمبەر هونەری هەژاریی نەبووەتە مۆد. ئەو کەلتوورەی فیشەکدانێکی لەدەمی بەکر عەلیدا سارد کردەوە، ئێستاش هەمان کەلتوورە، مووێکی مێژوو نەچووە بە بەینیاندا. هەمان کەلتووری عەرزی عەزەڵات. هەمان کەلتووری کلکلەقاندن و ماستاو و مامەحەمەیی لەبەردەم جەردە و چەتەکانی چارەنوسی ئەم میللەتەدا.
دەمەوێ بڵێم!
مادام بۆ بابەتێکی مرۆڤانەی وا، وێرێکی ویژدان نەکرا. مادام لەپایتەختی ڕۆشنبیریدا راسانێک لە لۆژیکی لاوەکانەوە رووینەدا، مادام حەسرەت و حەکایەتێکی تراژیدی بەپێشچاوی هەموومانەوە بە ناهەق و نا گوناه گێڕدرایەوە و کەس کێچێ میوانی نەبوو. کەواتە دڵنیابن، هەر خۆپیشاندانێکی تر تۆمارکرابێ، بۆ هاتنی لەشکری تورکیا، بۆ مووچە، بۆ منداڵانی غەززە، بۆ چی و چی، گشتی بێ مانایە و مەبەستی مرۆڤانەی لەپشتەوە نەبووە.
بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێمە لەم شەوانەدا شاهێدحاڵی حەرمشکێنی ئینسانێ بووین. گەنجێکی کورد، هەر بۆ خۆشی، فیشەکی لێڕاکێشراو لە تەوقی سەریەوە گوللەکە دەرچوو..
دەمەوێ بڵێم، بابەتێکی وا، واریسی گەلێ لێکدانەوەی لۆژیکییە.
جارێ هێزی چەکدار، چلۆنایەتی تێیدا رەچاو نەکراوە.. وەکچۆن ئێستا باوە و لەم رۆژانە دەرکەوت هەزارانی تر دامەزراون.. هەر بۆخۆشی ناوی دەنوسێ و تفەنگێ وەردەگرێ و دەینێرنە ناو خەڵک.. لەکاتێکدا وەکو خۆڵ گەنجی دەرچووی زانکۆ هەیە کە هەژدە ساڵە رێگە دەبڕێ و رەنج دەدا، تەنها بژاردەی رێی ئیجەی لەبەردەمدایە.
کەوایە چەکدارەکان چیرۆکی چەتەگەریی لە لۆژیکی چەکداربوونیاندا نەخشی پەروەردە دەگێڕێ.
بێ لەو فەرهەنگە فەندێکی مەعریفی و فەننێکی ئەخلاقی فێرناکرێن.
لە کۆتایدا دەڵێم، بەڕاستی نابێ و ناکرێ، نەریتێکی وەها تێپەڕێ..
نابێ و ناکرێ، لە هەمبەر هێزێکی وەهادا، ورد و درشتی ئەم میللەتە نەڕژێتە سەر شەقام.
نابێ و ناکرێ هێندە لە بێئاگاییدا بین و بەڕبەڕییەتیش تاڕادەی رۆحکێشانی رۆڵەیەکی وەها لەبەردەم دەرگاماندا بێ..
نابێ و ناکرێ، هێشتا هێزێکی وەها چەپڵەی بۆ لێبدرێت.. نابێ و ناکرێ بەناو ئۆپۆزسیۆن، خودان خەمی خەڵک بێت و بوێری بەیاننامەیەکی لەهەمبەر لاتبازاڕییەکی وەهادا نەبێت.. نابێ و ناکرێ، دەسەڵات بە بەیاننامەیەک بینی خۆی بخواتەوەو ئاوازێکی تراژیدی بژەنێ و بەس..