بیروڕا

تۆ بڵێی شایستەی لەمانە خراپتر بین؟

29/07/2024
سەعید کاکەیی

دوو ھەفتە پێش ئەمڕۆ بە کورتە نووسینێك ئاماژەم بۆ چەند لایەنێکی فێڵباز و ساختەچیکرد. بەتەمابووم بە چوار بەش ڕاستی و ھەقیقەتی ئەو لایەنانە ڕوون بکەمەوە. بەڵام ھەر لەگەل بڵاوکردنەوەی یەکەم بەشی نووسینەکەمدا، کەڵەگا نەزانەکان و كەللەڕەقەکان و لایەنگرە حزبیەکان و ھەلپەرستەکانی ناو ئەم سیستەمە سیاسییە ھیچوپووچەی کە لە ھەرێمەکەماندا بەرقەرارە بە ناوی ناڕازیەکانی حکومەتی گەمژەکان بە چەپ و ڕاست دایان پاچیم و جۆرەھا تۆمەت و تەشھیر و ناوزڕاندن دابەزینە سەروگوێلاکم!
دەی ھەر لەو ماوەیەدا دوو لاوی خێر لەخۆ نەدیوی بێ پشت و پەنا بەدەستی چەکدارانی سیستەمی ھیچوپووچی و حکومەتی گەمژەکان شەھید کران و لەناو خوێنی ئاڵی خۆیاندا دوا ھەناسەی خۆیان ھەڵمژی.. ئێوەی کەڵەگاکانی بەناو لایەنە ناڕازیەکانی شەقامەکە چیتان لەدەست ھات جگە لە خوت و بۆڵە و خۆگیڤکردنەوەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟
ئەگەر دەپرشپرسن من چیم کردبێ، ئەوا با باش بزانن ژیانی منیش لە مەترسیدایە. پاشنیوەڕۆی پێری و ئەو ڕۆژەی کە کاکە ئارامی چایچی شەھیدکرا، منیش لە پێچەکەی سەرووی کەنە کەوەی بەرەو ناو شاری سلێمانی و لەناو سەیارەیەکی ژمارە پلێتی بەغداد تووشی کێچەڵفرۆشتنی دوو شوفێری بەدڕەوشتی پیکەپلێخۆڕی سەربە ھێزە ئەمنەیەکان بووم و ڕووبەڕووی ھەزار و یەك سووکایەتی و جنێو و پشتملگرتنیان کردمەوە. خۆ ئەگەر زمانژیری و بێچەكبوونی خۆم نەبوایە، ئەوا نەك ھەر تێر شەقیان دەکردم، بەڵکو پێش شەھید ئارامی چایچی دوا ھەناسەیان لە منیش دەبڕی!!
بەڵێ ئەم ڕووداوانە لە شارێکدا ڕوو دەدەن کە پێشتر نازناوی شاری ھەڵمەت و قوربانی بوو. بەڵام لە ئێستادا خەڵکەکەی دەستی بە کڵاوی خۆی گرتووە و لە ترسی چەكی بەرەللا و پارەی سیاسی بەردەستی ھیچوپووچەکان و حکومڕانی گەمژەکاندا، ئەو نازناوەی لێ کاڵبووەتەوە! ئەگینا ئەوە چلۆن غیرەتێکە نەوێریت کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی شارە جوان و سیحراویەکەی کوردستان بھەژێنیت دژی کەین و بەینی چەکدارانی نایاسایی و بەدڕەوشت؟ ئەرێ لە کوێی دونیادا ھەبووە چەکداری دەمامکدار بە ناوی ھێزی تایبەت و دژە تیرۆرەوە ھەڵبکوتنە سەر ماڵ و حاڵی ھاوڵاتیان و دوای سوکایەتی پێکردن و پارە و خشڵ و چەکی مۆڵەتپێدراویان لێ بدزن؟؟ بەڵێ.. ئەمە بەسەر خۆمدا ھاتووە و لە بەرواری ٢٠٢٣/١/٣١ەوە ھەتا ئێستا من ھەر چاوەڕوانی وڵامێکم لە لایەن دەزگا پەیوەندارەکانەوە لەسەر ئەو کەیسە؛ بەڵام .. ھیچ!
شارێك و پارێزگایەك سیخوڕ و درۆنی تورکی لەسەر خاك و بە ئاسمانیەوە تەراتێن بکات و بە ئارەزووی خۆیان خەباتگێڕانی کوردی تێدا تێرۆر بکەن و مۆڵەت نەدرێت بە گردبوونەوەی ناڕەزایی و ڕێپێوان.. شارێك و پارێزگایەك بناڵێ بەدەست مناڵ و مەرزمی چەكدار و پۆزلێدانی کەڵەگایی کوڕە بەپرس و چاوچنۆکی و تاڵانبەرانی ھەندێك لە سەرمایەدارەکانی، چۆن دەتوانێ بە چەند کەسێکی دڵسۆز کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات بەرگری لە جوانی سیحری سلێمانی و سەرکەشیی گۆیژە بکات؟
شەوی ڕابردوو بەدەم گڤەی ڕەشەباوە مێزەری سەوزی شاری شارانی کوردستان گڕی تێبردرا! تۆ بڵێی ئێمەی ناڕەزایە ڕاستەقینەکانی شەقامی کوردی شایستەی ئەم کاولکاری و وێرانکاری و کوشت و بڕە بین؟!!
ترس لە بڕینی سەرچاوەی پارەی سیاسی و تۆقین لە زمەی چەکی دەستی کاڵفام و بەکرێگیراو، ئەوە دێنێ بەبێ شکۆ مڵشۆڕ بکەین بۆ کاڵبوونەوەی نازناوی ھەڵمەت و قوربانی؟ ئەگەر وایە، دەی بە قیر و دۆزەخ بێ ئەم ژیانەم و ئەگەر بەم وشانەشم ناڕەحەتن، فەرموون ئەم ژیانە بێ شکۆ و پڕ لە عەیب و عارەم لێبستێننەوە.