دەنگوباس
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لیستى کاندیدەکانی هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، رەوانەى وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت.
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "لیستەکە رەوانەى وەزارەت و دەستەى پەیوەندیدارى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەکانیان".
وتیشى، "ناوى کاندیدەکان بۆ هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و دەستەى دەسپاکى عێراق و هەرێمى کوردستان رەوانە دەکرێت و دەبێت لە 15 رۆژدا پرۆسەى لێکۆڵینەوە کۆتایى بێت".
بەگوێرەى رێنماییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، شەش مەرج بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید کردووە، پێویستە ئەو کەسە خەڵکى هەرێمى کوردستان بێت، تەمەنى لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت، تواناى خوێندنەوە و نووسینى هەبێت، بەتاوانەکانى کوشتن، ئەخلاقى، دەسپاکى و دزیکردن زیندانى نەکرابێت، هەروەها دەستى لە هیچ تاوانێکى رژێمى پێشووى بەعسدا نەبووبێت.
#هەڵبژاردنی کوردستان