دەنگوباس
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی شەش جۆر یاسا و بڕیار مووچەی خانەنشیان دابەش دەکرێت، بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەیەوێت ئەوانەش هەموویان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراق مووچەکەیان وەربگرن."
لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی بەڕێوەبەری گشتیی، وەزیرەکان، بریکارەکانی وەزیر، پەرلەمانتاران، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بە گوێرەی یاسا و بڕیاری جیا دەدرێن.
سادق عوسمان دەڵێت "لە بەغدا پەرلەمانتار بە چوار ساڵی پەرلەمانتاریی خانەنشین نابێت و دەبێت بەگوێرەی یاسا و خزمەتی پێشتری، خانەنشین بکرێت، ئەگەرنا دوای پەرلەمانتاری رەوانەی شوێنی پێشووی دەکریتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانتار هەیە خزمەتی نییە و 50 رۆژ پەرلەمانتار بووە خانەنشین کراوە. ئەمانە دەبێت رێکبخرێنەوە."
ئێستا بەغدا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پارەی سندووقی خانەنشینیان رادەستبکات، بەڵام سندووقەکە پارەی تێدا نییە، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "ئەوە نابێتە لەمپەر لەبەردەم هاوتاکردنی مووچە، چونکە دادگەی فیدراڵیی بڕیاری لەسەر داوە و مووچەی ئێمەی لە هەموو بابەتێک دوورخستووەتەوە."
لەبارەی کاتی هاوتاکردنی مووچەشەوە سادق عوسمان وتی "پێشبینی دەکەین مووچەی مانگی ئابی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بێت."
#مووچە