راپۆرت و چاوپێکەوتن

کوژرانی دوو کەس لە 10 رۆژدا و تێوەگلانی هێزی کۆماندۆ لە هەردوو ڕووداوەکە

28/07/2024


شەوی ڕابردوو ڕووداوێك شاری سلێمانی هەژاند، ئەویش تەقەکردن بوو لە چایچییەك لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شارەکە، لەپاش ڕووداوەکە دوو بۆچوون هەبوون، یەکێکیان وتی کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بکەری ڕووداوەکە بووە، بۆچوونەکەی دیکەش باسی لە هاوکاریکردنی ئەو کارمەندە لە ڕووداوەکە کرد، بەڵام دواتر ئاسایشی سلێمانی بە ڕاگەیەنراوێک وردەکاریی ڕووداوەکەی ئاشکراکرد و وتی، بکوژ لەلایەن کارمەندەکەی کۆماندۆوە هاوکاریکراوە و هەردوکیشیان دەستگیرکراون.

شایەتحاڵێک دەربارەی ڕووداوەکە بە "دەنگوباس"ی ڕاگەیاند، چەکدارەکەی کۆماندۆ عەسر چووە بۆ شوێنی لەفەفرۆشەکانی گەڕەکی ڕاپەڕین چای خواردووەتەوە و بۆ خۆ سەپاندن پارەی نەداوە، بەڵام لەو کاتەدا چایچییەکە کە ناوی ئارییە، لەوێ نەبووە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمشەویش جارێکی دیکە چەکدارەکەی کۆماندۆ چووەتەوە بۆ هەمان شوێن و چای خواردووەتەوە و پارەی نەداوە، کاتێک چایچییەکە داوای پارەکەی کردووە، چەکدارەکەی کۆماندۆ دەستبەجێ تەقەی لێکردووە و گوللەیەکی ناوە بە سەرییەوە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەوە چەندینجارە لەنێوان کارمەندانی هێزەکانی کۆماندۆ و هاووڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی دیکەش شەڕ و پێکدادان ببێت.

سەرەتای ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە ڕۆژی 27-2 لە بازگەی كارێز - كفری ژمارەیەك چەكداری كۆماندۆ لەگەڵ كارمەندانی ئاسایشی بازگەكە بوو بە دەمەقاڵەیان و ماوەی نزیكەی 20 خولەك شەڕ دروست بوو.

بە پێی زانیارییەکان، چەکدارەکانی كۆماندۆ، بە پێچەوانەی ئاڕاستە رۆیشتن و بازگەكەیان بڕیوە، كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەش ڕێگریان لێكردوون، لەبەرامبەردا چەکدارەکانی کۆماندۆ پەلاماری كارمەندانی ئاسایشی بازگەكەیانداوە و لێیان داون و چەند خولەکێکیش شەڕ ڕوویداوە.

هەفتەی ڕابردوو ئەفسەرێکی هێزی کۆماندۆی یەکێتی لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی تەقەی کرد و بە هۆیەوە منداڵێك کوژرا.

دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و تا ئێستاش چارەنووسی دۆسیەکە یەکلانەکراوەتەوە.

ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەموو ئەو کەسانەی کاردانەوەیان هەیە یەک داواکاریی هاوبەشیان هەیە و داوای جڵەوکردنی ئەو هێزە ئەمنییە دەکەن، کە لە بنەڕەتدا بۆ شەڕی تیرۆر و نەیارانی هەرێمی کوردستان دروستبوون.

عەزیز ڕەئوف، نوسەر و ڕۆژنامەنووس لە نوسینێکدا لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی گەڕەکی ڕاپەڕین دەڵێت "چەتەكانی شار دەستیان گەیشتە خوێنی كاسبكار و چایچی. چەتەكانی شار ئەگەر ڕانەگیرێن خوێنی زیاتر و تاوانی زیاتر و بێحورمەتی زیاتر بە شاری سلێمانی دەكەن. ئەو بێدەنگییەی لەم شارە هەیە هێندەی تر چەقۆی پیاوكوژانی تیژتر كردووە. بێدەنگی كۆی هێزەكانی تر و كۆی ڕۆشنبیران و چالاكوانان و پیاوانی ئاینی، بەرامبەر ئەتككردنی شار هێندەی تر دەستی پیسی چەتەكانی لەم شارە درێژتر كردووە".

دەشڵێت "چەتەكان نەگرن ئەو تۆزە حورمەتەش نامێنێت، ئەم خوێنە نەوەستێنن هێندەی تر خوێن سەری شار و سەری چەتەكانیش دەخوات".

ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووس لەبارەی ڕووداوەکە نوسیویەتی "هێڵی جیاکەرەوەی پۆلیس و مافیا قانونە! کە قانون نەما، دەبنە دوو رووی یەک دراو".

هێزی کۆماندۆ، کە هێزێکی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان دروستبوو، تا بەر لە ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز ناوی هێزەکە و بڵاوبوونەوەی لەنێو خەڵکدا سنورداربوو، لەوکاتەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەزۆر بۆنەدا لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆ دەردەکەوێت.

تەنیا لە 10 رۆژی ڕابردوودا كارمەندانی كۆماندۆ دوو هاوڵاتی لەگەڕەكی راپەڕین دەكوژن، محەمەد ڕەئوف، ڕۆژنامەنووس لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو نوسیویەتی "ئەم هێزە راستەوخۆ سەربە بافڵ تاڵەبانیە، هێزی ئەمنی بۆ پاراستنە یان بەردانە گیانی خەڵكی؟

جگە لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایش لەبارەی دەستگیرکردنی کارمەندەکەی کۆماندۆ، نە لە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو، نە ئەوانەی پێشتریش هێزی کۆماندۆ هەڵوێستی بەرامبەر ئەندامەکانی نیشان نەداوە، کە ببێتە هۆی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی کاری لەوشێوەیە.

میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، وێنەی بکوژی چایچییەکەی سلێمانی لەگەڵ فەرماندەی هێزی کۆماندۆ بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی سەر بەو هێزەیە.

هەرچەندە ئاسایشی سلێمانی لە دوو ڕاگەیەندراوی فەرمیدا بکوژی ئاری چایچی، وەک ئەندامی کۆماندۆ نەناساندووە و دەڵێت هاوەڵەکەی کۆماندۆ بووە، بەڵام ئەمڕۆ پەیجەکانی نزیک لە سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل ئەم وێنەیەیان بڵاوکردەوە و نووسیوویانە؛ وێنەی عەلی عومەر محەمەد، ئەفسەر لە کۆماندۆیە و کەسی نزیکی دیار عومەری سەرۆکی هێزی کۆماندۆیە.
#باشووری کوردستان