سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە یەکجاری پێدانی قەرز و پێشینەکان رابگیرێت و دەڵێت، پێدانی قەرز کاری بانکە ئەهلییەکانە نەک وەزارەتەکانی حکومەت.
لە نووسراوێکیدا بۆ هەردوو وەزارەتی دارایی و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە وێنەیەکی دەست زووم کەوتووە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 29ـی 5ـی 2024 لەبارەی پێداچوونەوە بە قەرزەکان، هەردوو وەزارەت رادەسپێرن پێداچوونەوە بە پێدانی قەرز بکەن و ئەنجامەکەی بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
هەر لەو نووسراوەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، لە بنەڕەتدا قەرز کاری بانکەکانە نەک وەزارەتەکان، حکومەت تەنها دەتوانێت پشتیوانی کارئاسانی بۆ بانکەکان پێشکەش بکات، بە یاسا و رێنماییش مافی هاووڵاتیان بپارێزێت.
هەروەها مەسرور بارزانی دەڵێت، دەکرێت حکومەت لەم بابەتەدا رۆڵی زامنکار ببینێت، نەک لە بودجەی گشتی قەرز بدات.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان