راپۆرت و چاوپێکەوتن

سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتی دژی حکومەتی هەرێم کردووە

24/07/2024


وەرزی هاوین و خراپی کارەبا و ئاو، وایکردووە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشادان و گردبوونەوە ئەنجامبدرێت، هاوینی ئەمساڵ بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە، بێتوانایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی نیشاندا، لە گەیاندنی خزمەتگووزاریی بە شارەکان و ئەو ژیانە شایستەیەی، بەردەوام سەرۆك وەزیرانی هەرێم و جێگرەکەی بەڵێنیان پێداوە.

ڕۆژانە لە شاری هەولێر بەهۆی بێ ئاوییەوە گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکە گردبوونەوە ئەنجام دەدەن، حکومەت لەجیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بە هێزی ئەمنیی بڵاوە بە گردبوونەوەکە دەکات، تا ئێستاش هیچ بەرپرسێکی هەولێر لەسەر کێشەی بێ ئاویی بە ڕوونی قسەی نەکردووە و هۆکاری کێشەکەی ئاشکرانەکردووە، وەك ئەوەی ئاو لە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا کێشەیەکی لاوەکی بێت.

لە سلێمانی دۆخەکە جیاوازترە، لە یەک کاتدا خەڵک دژی قۆرخکاریی لە زەویی، دابەش نەکردنی مووچە، نەبوونی خزمەتگووزاریی خۆپیشاندان دەکەن، هەر بۆیە به‌هۆى وه‌رنه‌گرتنى موچه‌كانیان، فه‌رمانبه‌رانى كاره‌باى سلێمانى بڕیاریانداوه‌ سبه‌ینێ پێنج شەممە بایكۆتى ده‌وام بكه‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تى كاره‌با ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا هیچ هه‌واڵێكى دڵخۆشكه‌ر له‌باره‌ى موچه‌كانیانه‌وه‌ نییه‌ و دیار نییە کەی لە بەغداوە مووچەی وەزارەتی کارەبا دەنێردرێت.

کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بڕیاریداوە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان بکاتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، شارەوانی هەڕەشە لە کاسپکارانی مەیدانەکە دەکات کە دەبێت دەستبەجێ ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن، هاوکات شوێنێکی دیکە وەك مەیدانی ئاژەڵفرۆشان دیاریکراوە، بەڵام وەك ئەوان دەڵێن، ئەو زەوییانەی شارەوانی بیداتە ئەوان هەم نرخەکەی گرانە، هەم بەراورد نییە بە ڕووبەری زەوییەکەی خۆیان لە مەیدانی ئاژەڵان.

هەر ئەمڕۆ لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی گرژی دروستبووە و چەند کەسێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ لە دهۆك گردبوونەوەی بەشێك لە کڕیارانی شووقەیەکی نیشتەجێبوون ئەنجامدرا، کڕیارەکان دەڵێن خاوەنی پڕۆژەکە نە پڕۆژەکە بۆ ئێمە تەواو دەکات، نە پارەی کرێکارەکانیشی دەدات.

هاوکات دەشڵێن، خودی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری کێشەکەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایە نەگیراوەتەبەر، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە ماوەی مۆڵەتەکەی تەواو بووە.

بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داوایان کرد، مووچەی زیاتر لە ساڵێکیان بۆ بگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم مووچەکانیانی پێنەداون.

کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیایی ساڵانە سەدان دۆلار لە وەرگرتنی چارەسەر بۆ کاریگەرییەکانی چەکەکە لەسەر جەستەیان خەرجدەکەن، ئەوان دەڵێن، مەسرور بارزانی بەناوی چاکسازییەوە دەستی بردووە بۆ مووچەکانی ئێمە.
#باشووری کوردستان
#حکومەتی هەرێمی کوردستان