کوردستان

بەفەرمانی سودانی پەکەکە لە عێراق قەدەغەکرا

23/07/2024

دەنگوباس
بەپێی نوسراوێکی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، داوا لەسه‌رجه‌م فەرمانگەکانی عێراق كراوه‌، لەنوسراوەکانیاندا پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) وەکو ڕێکخراوی قەدەغەکراو ناوبهێنن.


نوسراوەکە ڕۆژى 14ی ئه‌م مانگه‌ دەرکراوەو ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتوەتە پەرلەمانى عێراق‌و له‌لایه‌ن فەلاح عەبودى بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕیى لەئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردراوە، لە نوسراوەکەدا ئەوە هاتوە؛ لەسەر بنەماى نوسراوێکى فەرمانگەى کاروبارى ئەنجومەنى وەزیران‌و لیژنەکان لەئەمینداریێتى گشتیى ئەنجومەنى وەزیران، کە لە 28ی ئایارى 2024 دەرچوە، سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانیداوە کاتێک لەنوسراوەکاندا ناوی پەکەکە دەهێندرێت بنوسن "پارتى کرێکارانى کوردستانى قەدەغەکراو".

له‌وباره‌یه‌وه‌ سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، نوسراوەکە گەیشتوه‌تە فراکسیۆنەکان‌و بەشەکانى دیکەى پەرلەمانیش، بەگوێرەى ئەو نوسراوەبێت، ئیدى حکومەتى فیدراڵى وەک پارتێکى قەدەغەکراو مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا دەکات".
#پەکەکە