کوردستان

سۆران عومەر: عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات کە نیەتی

23/07/2024

دەنگوباس
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات کە نیەتی.


سۆران عومەر لە نوسینێکدا دەڵێت، حکومەتی هەرێم ٣٢ ساڵە مانگانە لەسەدا ٧ی موچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی! بەڵام تاکو ئێستا سندوقی نەبووەو نازانرێ ئەو پارەی چی لێکردووە.

دەشڵێت "کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی موچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێ لەسندوقی خانەنشینی عێراق موچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات! جگە لەوە وردبینی لەدۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناموستەحەق و نایاسایی".

بەوتەی سۆران عومەر "بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤) یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە ٪٢٥ی موچەی فەرمانبەران دەخڕیتە سندوقی خانەنشینی ٪١٠ی لەموچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و ٪١٥ حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات".

پەرلەمانتارە کوردەکە باسی لەوەشکردووە "لەسەرەتای ئەمساڵەوە کەموچە لەعێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوەو داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە".

دەشڵیت "عێراق موچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لە سندوقی خانەنشینی دەدات نەک لەبوجەی گشتی! ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایەو وەبەرهێنانی پێ دەکرێ ! خانەنشین چاوەڕێ ناکات تاکو کۆتایی مانگ موچە دەدرێت ئەو لێبڕینی مانگانەی خانەنشینی بۆیە داوە تاکو لەخانەنشین بونی دا بەزەمانەتەوە مانگانە موچەکەی لەو سندوقە وەربگرێت".
#حکومەتی هەرێمی کوردستان