دەنگوباس
پەیامێکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق لەبارەی تورکیاوە، وایکرد باڵیۆزی تورکیا بێتەسەر خەت و قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە "ناڕاست" وەسفبکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نوسینێکدا ڕایگەیاندبوو "سەروەریی عێراق لە مەترسیدایە، کەسیش قسە ناکات؟ پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی هەیە، هێزە چەکدارەکانی سەربە دەوڵەتێکی دراوسێ خاڵی پشکنین لەسەر خاکەکەمان لە دهۆك دادەنێن و هاتوچۆ دەکەن".
لەبەرامبەردا ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاند، قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە ئاڕاستەی تورکیای کردوون، ناڕاستن" هاوکات سوربوونی وڵاتەکەی لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە نیشاندا و وتی "لەسەر پڕۆژە و کاری هاوبەش پەیوەندییەکانمان فراوان دەکەین، نەک گفتوگۆیەک کە بانگەشەی بێ بنەمای تێدایە".
وادیارە تورکیا قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وەك پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەماشا دەکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەنقەرە بۆ یەکێتی، کە کۆت و بەند بۆ جموجوڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دابنێن.
ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، ئەو پەیامەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق شکاندنی پرۆتۆکۆڵە و لێدانە لە هاوسەری سەرۆکی وڵاتێك کە تورکیا بە هاوڕێی خۆی دەزانێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەو پەیامەیدا باسی لەوەکردبوو، بەدرێژایی دەیان ساڵ لە ململانێ لەپێناو بست بە بستی ئەم خاکە و سەروەرییەکەی بە بەهێزی جەنگاوین و دەیان هەزار کەسی بێتاوان بونەتە قوربانی. پێشهاتەکانی ئەمدواییەش لە دهۆك جێ پەنجەی داگیرکارییان پێوە دیارە. ئایا ئەوانەی دژی بونی هێزەکانی هاوپەیمانانن بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق، ئێستا بێدەنگ دەبن؟
ئێستا لەنێوخۆی لایەنە شیعەکان دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا بەرزبووەتەوە، بەشێک لە هێزەکانی نیو حەشدی شەعبی بە توندی دژی بونی تورکیان و هێزێکی وەك لیوای وەعد سادق کە بەشێکە لە حەشدی شەعبی لە پەیامێکدا دەڵێت " کە بەشێکە لە مقاوەمەی عێراقی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت "لە کاتێکدا یادی عاشوورا دەکەینەوە، کە ئیمام حوسێن بە خۆشەویستییەوە بە پیر مەرگی خۆی چوو بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئیسلام، بەڵام لەم کاتەدا لە عێراق کە وڵاتی ئازادییەکانە بێدەنگییەکی سیاسی و حکومیی هەیە بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان لە پشت کورسییەکانیانەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە".
هاوکات نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە کاتێك ئێران بۆردومانی هەولێری کرد، چۆن هەموان بە دەنگ هاتوون، بەڵام ئێستا بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا بێدەنگن، بۆیە داواش دەکەن باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەربکرێت و باڵیۆزخانەکەشیان لەبەغدا دابخرێت.
دەشڵێت "کونسوڵخانەکەشیان لە هەولێر دابخەن و نیشتمانپەروەریتان بسەلمێنن، ئەگەر نیشتمانتان هەیە وەك باسی دەکەن، یان بەو هێزەی کە زیاتر لە ملیۆنێك شەڕکەرە ڕوبەڕووی تورکیا بوەستنەوە".
لەلایەکی دیکەوە خالید سەرای، یەکێك لەسەرکردە شیعەکان ڕایگەیاندووە، سەروەریی عێراق هێڵی سورە، پێویستە فشارێکی توند لە حکومەتی عێراق بکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو لەشکرکێشییانەی تورکیا.
#تورکیا
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان