دەنگوباس
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کە لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبوون.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کرا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسەو مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی.
وەزیری دارایی ڕونیکردەوە بە پێی یاسای چاکسازیی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تا ئێستا هیچ داتاو زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییەو لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە.
وتیشی وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.
#مووچە