دەنگوباس
عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان و تورکیا بۆ بەشێک لەو هاووڵاتیانەی لەسەر پاسپۆرتەکەیان پارێزگای سلێمانی نووسراوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق قورستترە.
وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە هەولێر 175 دۆلارە. عەتا ئەنوەر دەڵێت، بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی خەڵکی سلێمانی نزیکەی 250 دۆلارە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەوەک تەنیا بۆ ئازەربایجان، هەڵگرانی پاسپۆرتی خەڵکی سلێمانی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیاش بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زەحمەتی زیاتریان بۆ دروست دەکرێت.
وتیشی، "بۆ هەردوو وڵاتەکە دەبێت پشتگیریی کارێکی باشت هەبێت. ئێستا بۆ ئازەربایجان دەبێت هەژماری بانکیشت هەبێت".
#سلێمانی