کوردستان

لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق: فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی یاسایی و ئەمنی نییە

21/07/2024

دەنگوباس
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی و ئەمنیی نییە، هاوکات قەدەغەکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بۆ تورکیا بە سزای سیاسی ناودەبات.


کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا لیژنەکەیان دوای سەردانی مەیدانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاپۆرتێکی خوێندەوە.

کاروان یاروەیس دەشڵێت، داواکراوە حکومەتی عێراق و پەرلەمان هەنگاوی جددی بنێن بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

تورکیا لە مانگی نیسانی 2023ەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستووە و مانگی حوزەیرانی ڕابردووش جارێکی دیکە سزاکەی تا 7ی 12ی ئەمساڵ درێژکردەوە.

دەقی بەیاننامەکە؛

 

بەیاننامەی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رۆژی ٢ی تەموز، لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد. ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەراگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوەو بارگرانی زۆریشی بۆ هاوڵاتیان و ئابوری سلێمانی دروستکردوە.

لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیەو ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسیە. لێرەوە، داوا دەکەین، لە ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکەمان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگای دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فرۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق. لەگەڵ رێز و سوپاسدا…

لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


#سلێمانی