کوردستان

لەسەر لەشکرکێشی تورکیا پەرلەمانتارێکی پارتی داوای ڕوونکردنەوە لە لەتیف ڕەشید دەکات

21/07/2024

دەنگوباس
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق دەکات، ڕوونکردنەوە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بدات.

 
سەگڤان سندی، پەرلەمانتاری پارتی کە هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەممەدا لیژنەکەمان بڕیاریدا بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە لە سەرۆک کۆماری عێراق بکات تایبەت بەو هێرشەی تورکیا کە ماوەیەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە". 
 
سەگڤان سندی وتیشی، "لەو نووسراوەدا لیژنەکەمان پرسیاری ئەوە لە لـەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار دەکات کە ئایا هاتنەناوەوەی تورکیا و ئەو هێرشانەی دەیانکات بە هەماهەنگی عێراقە یان عێراق رۆڵی تێدا نییە؟ لیژنەکە دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستبکەوێت کە بۆچی عێراق لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بێدەنگە".
 
بەوتەی جێگری سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان، تاوەکو ئێستا لەنێوان 30 بۆ 40 کیلۆمەتر سوپای تورکیا هاتووەتە نێو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.


#پارتی دیموکراتی کوردستان
#تورکیا