کوردستان

تورکیا هێزێکی گەورەی کۆکردووەتەوەو بەنیازی داگیرکردنی چیای گارایە

21/07/2024

دەنگوباس
توركیا سەرقاڵی كۆكردنەوەی سەرجەم هێزەکانیەتی لەنزیك چیای گارا، كە بەسەر قەزای ئامێدیدا دەڕوانێت و لە پارێزگا دهۆكە، تورکیا بە پاساوی ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە ئامادەكارییەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چیاکە دەستپێکردووە. 

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، هێزەكانی توركیا ماوەی چەند هەفتەیەكە چالاكیەكانی لە پارێزگای دهۆك دەستپێكردووە، خاڵی پشكینی ئەمنیی لەچەندین ناوچە داناوە، وێڕای بۆردومانكردنی هەندێك ناوچەكە، سەرەڕای جموجۆڵە سەربازییە فراوانەكانی توركیا بۆ لەشکرکێشی زیاتر بۆسەر خاکی هەرێم، هێشتا دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

جگە لە راگەیاندنەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە (10)ی ئەم مانگە، کە  بۆ رەتكردنەوەی لەشكركێشی توركیا بوو، بەغداو هەولێر هیچ بەیاننامەیەكیان لەبارەی پرۆسە سەربازییە نوێیەكانی توركیا رانەگەیاندووە.

زۆرێك لەو کەسانەی قسەیان بۆ شەرقولئەوسەت کردووە دەڵێن، ئەو پرسە بە جۆرێك لە رازیبونی بەغداو دەستەوسانی هەولێر لێكدەدەنەوە، لەبارەی ئەگەری راگرتنی جموجۆڵە سەربازییەكانی توركیا.


#تورکیا