رۆژهەڵاتی ناوەراست

دەمیرتاش: رۆژێک دێت من تورکیا بەڕێوەببەم

20/07/2024


سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، من سیاسییەکم دەمەوێت دەستوور، سیستم و حوکمڕانی ئەم وڵاتە بگۆڕم و رۆژێک دێت من تورکیا بەڕێوەببەم.

لە 14یەمین دادگای سزای مێرسین، دواین دانیشتنی دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەسەر دۆسییەی سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا بەرگریی لە خۆی کرد و وتی: وەک سیاسییەکی کورد بەهۆی بەکارهێنانی مافی رەخنەگرتن دادگایی دەکرێم. لەبەر تیرۆر و توندوتیژیی سزا نەدراوم، بەڵکو لەبەر وتەکانم بە 55 ساڵ زیندانیکردن سزادراوم.

وتیشى، نازانم ئەمڕۆ چی سزایەکم بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام هەمووان دەزانن ئەوانەی لە شاری سۆما بوونە هۆی مردنی 301 کەس بە 17 ساڵ و ئەوانەی هرانت دینکیان کوشت بە 16 ساڵ سزادران، کەچی ئەو لەسەر چەند وتەیەک بە 55 ساڵ سزادەدرێت.


#تورکیا