دەنگوباس
بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شیلادزێ، پێشمەرگەیەك شەهید بوو.
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی (بەریسکێ)یان لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی (عوسمان رژدی ڕێکانی) تەمەن 32 ساڵ شەهید بوو، کە پیشەی پێشمەرگەیە، عوسمان رژدی ڕێکانی لەکاتی هەنگەوانیدا شەهیدکراوە و کەسێکی لەگەڵدا بووە، کە ئەو بریندارە.
ئەمە دووەمین جارە لەم ساڵدا، کە سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی بەریسکێ دەکات و هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانج دەگرێت. لە 8ی ئازاری ئەمساڵدا، دوو هاووڵاتی تری مەدەنی لە هەمان گوند بوونە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و شەهید بوون و هاووڵاتییەکی تری مەدەنیش برینداربوو.
سەرەتای ئەمساڵیش دوو پێشمەرگەی دیکە لە گوندی دینارتە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون، بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر شەهیدبوونی پێشمەرگە لەلایەن سوپای تورکیاوە نەبووە.
#تورکیا