دەنگوباس
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، فەرمانگەكان دەتوانن لیستی مووچە بە واژووی بەڕێوەبەری فەرمانگەکەیان بۆ بەغدا بنێرن.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا هەر فەرمانگەیەك بیەوێت دەتوانێت لیستی مووچە ئامادەبكات و واژووی بەڕێوەبەری فەرمانگە، ژمێریاری و وردبینی لەسەربێت و رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بكات، ئەو كات مووچەكانیان بەبانكی دەكرێت و مانگانە تەمویلی مووچەكەیان دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "بەغدا زانیاریی وردی لەسەر تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەیە ئەو گرفتەی بۆ مووچەی وەزارەتی كارەبا دروستبووە، ئێمە پێشتر رامانگەیاند گرفت لە لیستەكەیاندا هەیە و ئێستاش بەهۆی ئەو گرفتەی لە لیستەكەدا هەیە ناردنی مووچەی وەزارەتی كارەبا دواكەوتووە".
#مووچە