بیروڕا

ئەگەر هەڵبژاردن کرا!

17/07/2024
ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

دەنگ مەدەن بە دەستگیرکراوەکانی بادینان!
ئێمە پشتوانی ئازادکردنیان بووین نەکە لەبەرئەوەی خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید بکەن بەڵکو پێمان وابوو دەستگیرکردنی هەر تاکێک لەسەر بیروڕای ئازادی مانای کپکردنی دەنگی ئازاد و لەناوبردنی ئازادییەکانە! ئەوانیش لەسەر ئەو بنەمایە پشتیوانیمان کردن نەک ئێستا ببنە ئەندامی پەرلەمان!
دەنگ مەدەن بە مەلاکان!
بڕواتان هەبێت پەرلەمان شوێنی مەلا نیە! پەرلەمان واتە لیژنەکان، لیژنەکانی پەرلەمان پێویستیان بە خەڵکی پسپۆڕ و تایبەتمەند بەو لیژنانە هەیە!
مامۆستایەکی بەڕێزی ئاینی لەناو پەرلەمان ئەبێ چی بکا بۆمان؟
هەر ئەوەندەی لە دەست دێت کاتێک کاری پەرلەمانییەکەی تەواو بوو خانەنشین دەکریت و زۆرجار نەک هەر مێزەرە و عەمامەکەی بەڵکو ئیمانەکەشی لەدەست دەدات.
دەنگ مەدەن بە گۆرانی بێژ و بێژەرەکان!
لە پەرلەمان بە تەمان چیمان بۆ بکەن؟ بەها بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی بگێڕنەوە، خولی پێنجەمی پەرلەمان خولێک بوو تەنانەت لای لایەنە سیاسییەکانیش بەهای نەمابوو چ بگات لای هاووڵاتی بەهای هەبێت!
دەنگ مەدەن بە چالاکوانە دەم گەرمەکان!
ئێستا حیزبەکان چالاکوانە دەم گەرمەکان کاندید ئەکەن، کابرا بە درێژایی چەند ساڵێک دژی ئەم سیستم و حکومڕانیە رشاوەتەوە، ئێستا خۆی خزاندوەتە ناو سیستمەکە و دەیەوێت دەمەی بەو پاروە چەورە بێ سەر ئێشەیە بگات!
زۆرینەی زۆری کاندیدەکان تەنیا ئامانجیان مووچە و ئیمتیازاتی باشی پەرلەمانییە، ئەو مامەڵانەی کە دەکرێت بە بەرزکردنەوەیەک ئەنجامی بدەن.
پەرلەمانتار هەبووە لە بەرانبەر بێدەنگ کردنی لیژنەکەی خۆی لە پرسێکی دیاری کراو شوقە و خانووی پێدراوە!
پەرلەمانی کوردستان ١٩ لیژنەی هەمیشەیی هەیە، ئەم لیژنانە پێویستان بە خەڵکی پسپۆڕ هەیە، ناکرێت بە نەخوێنەوار و دکتۆری عەیادە و کچە مۆدێل و بێژەر و قەبر هەڵکەن و تیکتۆچی و مەلا پڕ کرێنەوە!
گرنگترین لیژنە، لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، کە تەواوی پڕۆژە یاساکان دەچنە بەردەم ئەم لیژنەیە، ئاخر ئەبێت ئەندامێکی ئەم لیژنەیە شارەزای دەستوور و یاسا بێت! دکتۆری عەیادە و چالاکوانی دەستگیرکراوی بادینان چیم بۆ ئەکات؟؟
لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان!
پێویستی بەخەڵکی پسپۆڕی بواری وزەیە! باوەڕم نیە بە عەقڵی هیچ کام لە حیزبەکان هاتبێت کاندیدێک بە تایبەتمەندی ئەو لیژنەیە دابنێن! ئا
کاتی خۆی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان هەبوو، راپۆرتەکانی دەنارد بۆ پەرلەمانتارەکان تەقەی سەریان ئەهات لێی! وەک توتی ئەوەندەیان دەزانی کە بڵێن نەوت ئەدزرێ! بە ئێستاشەوە لە ئەلف و بێی گرێبەستە نەوتییەکان تێنەگەشتن!
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری!
یەکێکە لە لیژنە زۆر گرنگەکان! بڕبڕەی ئابووری هەر وڵاتێک لە دوای پیشەسازی کشتوکاڵە!
ئەوەندەی بزانم هەموو خولێک کاک عەبدوستار مەجیدی کۆمەڵی دادگەری دەکەنە ئەم لیژنەیەوە چونکە ماوەیەک وەزیری کشتوکاڵ بووە!
ئەی ئەگەر ئەو ئەم خولە دەرنەچوو کێ بکەن؟ تیتکۆکچیەک دەبێتە جێگرەوە؟




All reactions:
132132