کوردستان

دۆخی کەشوهەوا لە چلەی هاوین چۆن دەبێت؟

17/07/2024

دەنگوباس
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی لە نوسینێکدا دەڵێت، بەپێی حیسابی ڕۆژمێری کوردی و پێشینان ئەمرۆ چوارشەممە 17 ی تەمموز چلەی هاوین دەست پێدەکات و تاوەکو 25 ی ئابی مانگی داهاتوو بەردەوامە بەڵام لەڕووی فەلەکیەوە سبەی پێنج شەممە 18 - 7 - 2024  یەکەم ڕۆژی چلەی هاوینەو تاوەکو 26 ی ئابی مانگی هەشتی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت "چلەی هاوین بەوە ناسراوە کەدەکەوێتە ناوەڕاستی هاوینەوە و چل ڕۆژی ناوەڕاستی هاوین داگیر دەکات و گەرمترین ڕۆژەکانی هاوینی تێدەکەوێت هاوین 93 ڕۆژو 15 کاتژمێر و 53 خولەکە درێژترین وەرزی ساڵە".

شاڵاو هیدایەت لە درێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت، لەچلەی هاویندا بەگشتی ساڵانە گەرما دەگاتە لوتکەو زۆترین گەرماو بەرزترین پلەکانی گەرمای تێدا تۆمار دەکرێت، سەبارەت بەدۆخی کەشوهەوای داهاتوو، ئەوەی هەیە تاکۆتایی ئەم مانگە لەوەی ئەمرۆ زیاتر گەرم نابێت، بەو شێوەش،  ئەگەر گەرما دابەزی 1 ° تا 2 ° پلەیە لەڕۆژانی داهاتوو، بەمەش کەشی گەرم هەر دەبێت، جیاوازییەک ناکات، بەتایبەت لەڕۆژدا هەرگەرمە و بەزۆری کاتەکانی کاتژمێر 11 تا 4ی عەسر بۆیە ئەوکاتانە خۆتان مەدەنە بەرخۆر، چونکە تیشکی سەرو وەنەوەشەیی زۆرە و کاریگەری خراپی هەیە لەسەر پێست و چاو، ئەوانەی دەچنە بەرخۆرو یان ئیشیان لەدەرەوەیه دەرمانی دژە خۆرو چاویلکە و کڵاو بەکاربهێنن.

بەوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، ئەم ماوەیەو ڕۆژانی تریش هەرچەند پلەکانی گەرما زۆر بەرز نین و تەنانەت لەگەرمیانیش لەهیچ شوێن ناگاتە 50° بەڵام بەهۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی شێ، هەست کردن بەگەرمای ڕاستەقینەیی لەئاست پلەی گەرمی تۆمارو پێشبینی کراودا شتێک زیاتر دەبێت 

باسی لەوەشکردووە، لەمەودای کۆتایی مانگ و تا کۆتایی هاتنی چلە ئەگەر هەیە یەک تا دوو شەپۆلی گەرمای بەهێزو بەتینی تێدا بن، دواتر وردە وردە گەرما کپ و کەمتر دەبێتەوەو لەمانگی نۆدا گەرمای مانگی شەش و حەوت و هەشت دوبارە نابێتەوە.


#کەشوهەوا