کوردستان

سودانی بە مەرج مووچەی هێزە ئەمنییەکانی ناردووە

17/07/2024

دەنگوباس
ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە نوسراوێکدا، مەرجی حکومەتی عێراقی بۆ ناردنی مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان و مانگەکانی داهاتوو ئاشکراکردووە.


لە نووسراوەکەدا ئەوە هاتووە، مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران خەرج دەکرێت، تا حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى هەر تێبینییەک بکات، کە دەکرێت لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە لە داهاتوودا بدۆزرێتەوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بەشى دووەمى نووسراوەکەى سەرۆک وەزیرانی عێراق مەرجە بۆ ناردنى ئەو پارەیە، کە وردبینیکردنە.
 
لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە هەرێمى کوردستان بوو بۆ وردبینیکردن لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و ئەو لیستانەى دیکە کە تێبینیی لەسەر هەیە.
 
سۆران عومەر وتى، "ئەگەر ئەو تێبینییانەى لەلایەن لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەیە، چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە بۆ ئەو مووچەیە دروست دەبێتەوە."
 
بەهۆى ئەو تێبینییانەى لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەبوو، مووچەى هەردوو مانگى ئایار و حوزەیرانى ئەو هێزانە دواکەوت.
#مووچە
#حکومەتی هەرێمی کوردستان