رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق مووچە بۆ دەرۆزەکەران دەبڕێتەوە

16/07/2024

دەنگوباس
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رەزامەندی دەربڕی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بگرێتەوە کە دەرۆزەکەر(سواڵکەر)ن. 


ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەزامەندی لەسەر نووسراوی داواکاریی پەرلەمانتار هەیفا جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەربڕی، کە داوا دەکات مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەرۆزەکەریش بگرێتەوە، دوای ئەوەی بەڵێننامەی نووسراویان پێ پڕدەکرێتەوە ئەو کارە نەکەنەوە.

لە عێراق هیچ ئامارێکی فەرمیی سواڵکەران بەردەست نییە، بەڵام فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە دەڵێت "سواڵکردن یەکێکە لە مەترسیدارترین شێوازەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەپێی زانیاریی ئێمە لە عێراق 500 هەزار کەس دەبن، هەرچەندە پار و چەند مانگی ئەم ساڵ وەزارەتی ناوخۆ نزیکەی 10 هەزار سواڵکەری بیانیی رەوانەی وڵاتانی خۆیان کردووەتەوە".

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، ساڵی 2025 ساڵێکی بێ سواڵکەر بێت و جەختی کردووەتەوە دەبێت یاساکان هەموار بکرێنەوە و پەرلەمان بۆ سەپاندنی سزای قورس هاوکار بێت.