وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "حساب نەکردن بۆ یەکێتی کارێکی هەڵەیە".
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بریندارکردنی سەروەری خاکی عێراق کارێکی خراپە، ئەم جۆرە کارانەی تورکیا دەیکات زیاتر لە 40 ساڵە هەیە و ئەو شەڕە بێهوودەیە و چارەسەر نییە.
وتەبێژی یەکێتیی وتیشی، هێرشەکانی تورکیا مەترسیی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستدەکات، باسی لەوەشکرد "دەبێت لایەنە سیاسییەکان ڕێبکەون هەڵبژاردن نەشێوێندرێت".
لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشەوە، سەعدی پیرە وتی "حساب نەکردن بۆ یەکێتی کارێکی هەڵەیە، من نەمبیستووە لە دنیادا شەش کورسی کەمتر بێت لە دوو کورسی".
دەربارەی لێدوانەکەی ئەردۆغان لەبارەی پارێزگای سلێمانی سەعدی پیرە وتی "پێموایە سەرۆك ئەردۆغان باش دەزانێت بازاڕ و هێزێکی گەورەیە، ناکرێت سلێمانی بخرێتە خانەی دوژمن لەکاتی دابەشکردنی دۆست و دوژمن، ئێمە تورکیا بە دوژمنى خۆمان نازانین".
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#تورکیا