دەرکەوت کە پارتی و یەکێتی نەک هەر توانای بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیان نییە، توانای بەڕێوە بردنی حزبەکانی خۆشییان نییە.
لە ساڵی ١٩٧٩ بە دواوە یەکێتی دوچاری چوار دابەشبونی گەورە بووە، هەزارن ئەندام و کادری دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و هەندێکیان لە ناو حزبی تردا درێژەی بە چالاکی سیاسی داوە.
هەرچی پارتییە سەرەڕای لادانی زەقی لە خەباتی کوردایەتی و خۆگرێدانی بە سیاسەتی ئەو وڵاتانەوە کە دان بە بوونی گەلی کوردا نانێن و بە هەرێمی کوردستان دەڵێن باکووری عێراق، بەڵام لە ڕووی ڕێکخستنەوە حزبێکی تۆکمە و بە دسپڵین بوو، لە حەفتا ساڵی تەمەنی سیاسیدا تەنها دووجار دوچاری دابەشبون بووە، بەڵام ئەوەی دەربارەی ململانێی ئامۆزاکان (نەوەکانی مستەفا بارزانی) دەیبیستین و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کاتی هەڵبژاردنی کادر و بەرپرسی دەزگا حزبییەکاندا دەرکەوت، هێمای دابەشبوونێکی گرانی ئەو حزبە دەردەخات، لەبەر ئەوەی دابەشبوونەکانی پێشووی پارتی لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و کەسانی دەرەوەی بنەماڵە بووە، بەڵام ئەم دابەشبوونە چاوەڕوانکراوە خودی بنەماڵەی بارزانی دەگرێتەوە، کە ئازار و کاریگەری زۆرترو قورستر دەبێت.
واباشە ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە و حزبەکانی تریش، بۆ ئەوەی دوچاری کێشەی حزبی کەم بن، حزب هێندە گەورە و پیرۆز نەکەن، حزب بچووکبکەنەوە، پیرۆزی بۆ گەل و نیشتمان بگێڕنەوە، لە ڕێگەی یاسا و دەستوور و دەزگاکانی دەوڵەتەوە کێشەکانی گەل و نیشتمان و کێشەی حزبەکانیشیان چارەسەر بکەن.