کوردستان

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ مەرجی دانانی پارێزگاری کەرکووك ئاشکرادەکات

15/07/2024

دەنگوباس
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەرجی حزبەکەی بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووك ئاشکرادەکات.


دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا حیزبەکەی هێزی یەکەم بووە و هەربۆیە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆیان دەزانن. 

دەرباز کۆسرەت ئاماژەی بەوەشکرد، "راستە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە بەرکەوتەی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەوەی جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە کە کوردێکی باش پارێزگار بێت و یەکێتی دەستنیشانی بکات". 

لە کانوونی یەکەمی رابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا پارێزگاری کەرکووک هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی خۆجێیی کەرکووکیش پێکنەهێندراوە. 
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان