کوردستان

قوباد تاڵەبانی: تیرۆر هەڕەشەیەکی جددییە بۆسەر کوردستان و عێراق

14/07/2024

دەنگوباس
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنیت کە هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دەربارەی پەلامارەکەی داعش لە قەرەهەنجیر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، بە داخێکی زۆرەوە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستان لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکی دیکەش برینداربوو".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق. هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن".

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرز و هەڤاڵانی شەهید جوامێر رەشید لە هێزەکانی ئاسایش دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم روحی شەهید جوامێر بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ کارمەندە بریندارەکەی هێزەکانی ئاسایش دەخوازم.
#قوباد تاڵەبانی