بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە، کامێراکانی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) لە سنووری ڕێگاوبانی دەرەوەی شار وە بەدیاری کراوی سلێمانی – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە دابنێن.
هاتووچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یەکێک لە کەناڵەکان و لەڕێی پەیامنێرێک بابەتێکی پەیوەندیدار بە پرسی دانانی کامێراکانی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) لە سنووری ڕێگاوبانی دەرەوەی شار وە بەدیاری کراوی سلێمانی – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە بڵاوکراوەتەوە ، کە لەڕاستیدا کاری ئەو کەناڵە نییە لە بری بەڕێوەبەرایەتیمان قسە و روونکردنەوە بدەن، وە شۆفێران تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بکەن بە بابەتێک کە لەئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردندا نییە، وە هەرکاتێک ئەو پڕۆژەیە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە لەڕێگەی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیمان هاوڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە، وە ورووژاندنی ئەم بابەتە سوود بە هیچ کەس و لایەنێک ناگەیەنێت وە ئەوان کەسانی پسپۆڕ و شارەزا نین تا شیکاری لەسەر پرسی کامێراکان بکەن و تەنها مەرام لە پشتی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە زیادکردنی ڤیو و کۆمێنت و لایکە بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی خۆیان".
ئاماژە بەوەشدراوە "لێرەوە ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە هەر بابەتێک پەیوەندیدار بێت بە کاروباری بەڕێوەبەرایەتیمان یاخود هەر پڕۆژەو بڕیارێکی هاتووچۆیی بە ڕوونی و بە ئاشکرایی لە ڕێی میدیا و پەیج و ماڵپەڕی فەرمی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیمان بڵاوی دەکەینەوە جگە لەو پێگە فەرمییانەمان هەر هەواڵ و ڕوونکردنەوەیەک لە هەر کەناڵ و سۆشیال میدیایەکی دیکە بڵاو بکرێتەوە هیچ بەهایەکی نییە".
#باشووری کوردستان